کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزە چەکدارەکانی نزیک لە ڕێژیمی ئێران ڕێگری دەکەن لە بوژاندنەوەی ئابووریی عێراق

12:14 - 10 رەزبەر 2720

چەندین پرۆژەی ئابووری کە بۆ مەبەستی بوژاندنەوەی ئابووریی عێراق تەرخان کراوە و کاری لەسەر دەکرێت، لەلایەن هیزە چەکدارەکانی نزیک لە ڕێژیمی ئێرانەوەە پێشی لێ دەگیردرێت.

کارناسانی ئابووریی عێراق وتوویانە: "هەوڵەکانی دەوڵەتی عێراق بۆ کردنەوەی دەرگای سەرمایەگوزاری بەڕووی وڵاتانی دەرەوە بە مەبەستی گەشانەوەی ئابووری، لە تەواوی قۆناغەکاندا لەلایەن هێزە چەکدارەکانی نزیک لە ڕێژیمی ئێرانەوە پووچەڵ کراوەتەوە".

ئەو کارناسانە باسیان لەوە کردووە، ئەو هێزانە دەیانهەوێت بە گۆشەگیرکردنی عێراق، دەستی ئێران بۆ دەستێوەردان لەو وڵاتە هەروا ئاوەڵا بهێڵنەوە.

"مستەفا کازمی" سەرۆک وەزیرانی عێراق مانگی ڕابردوو باسی لە کۆمەڵە ڕێککەوتننامەیەکی سەرمایەگوزاری کردبوو لەنێوان شیرکەتە ئامریکایی و عێراقییەکاندا لە بەشەکانی نەوت، گاز و کارەبا بە بڕی زیاتر لە ٨ میلیارد دۆلار.

کارناسانی ئابووری لەو بڕوایەدان عێراق دەرفەتی بەرچاوی هەیە بۆ گەشەپێدانی ئابووری و ڕاکێشانی سەرمایەگوزارانی دەرەکی بۆ سەرمایەگوزاری لەو وڵاتە بەڵام دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی ملیشیا چەکدارەکانیەوە ڕێگری لە گەشەی ئابووریی ئەو وڵاتە دەکات.