کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم گڵکۆی پێشەوا گەمارۆ دەدەن

16:52 - 10 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە مەهاباد، لە ترسی پەیمان نوێکردنەوەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان دەورووبەری مەزاری پێشەوا قازی محەممەدیان لە مەهاباد گەمارۆ داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ ١٠ی خاکەلێوە، هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە شاری مەهاباد لە ترسی ئامادەبوونی خەڵکی کوردستان بۆ پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان لەسەر مەزاری پێشەوا قازی محەممەد، دەورووبەری مەزارەکەیان گەمارۆ داوە و لە حاڵێکدا کە دەرگای مەزاریان بەستووە، ئیزنی ڕاوەستانی خەڵک لەو شوێنەشدا نادەن.

هەروەها هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم هەوڵی بڵاوکردنەوەی خەڵکی ئامادەبوو لە شوێنەکەدا دەدەن و تەنانەت هەوڵی دەسبەسەرکردنی خەڵکیش دەدەن.

ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی هەموو ساڵێک کە ڕۆژی لە سێدارەدانی شەهیدان "پێشەوا قازی محەممەد و سەیف و سەدری قازیـ"ـیە و بە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ناسێندراوە، خەڵکی کوردستان بۆ پەیمان نوێکردنەوە لە گەڵ ڕێبازی شەهیدان و بەرزراگرتنی ئەو ڕۆژە لە سەر مەزاری پێشەوا و هاوخەباتانی ئامادە دەبن و ڕێژیمیش هەرساڵە ڕێوشوێنی توندی ئەمنییەتی بۆ پێشگرتن لە ئامادەبوونی خەڵک دەگرنە بەر.