کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران زۆرێک لە هاووڵاتییانی بەهۆی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگهێشت کردووە

11:05 - 3 رێبەندان 2721

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران زۆرێک لە هاووڵاتییانی لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەهۆی ئەوەیکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە شێوازی جۆراجۆر پۆستی نەتەوەیی و لایەنگری لە حیزبی دێموکرات بڵاو دەکەنەوە، بانگهێشت و لێپێچینەوەی لێ کردوون. 

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان، ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان، زۆرێک لە هاووڵاتییان بە تایبەت لە شاری مەهاباد لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە هێما و شێوازی جۆراجۆر یادی ٢ی ڕێبەندانیان بەرز نرخاندبوو کە دواتر لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیم لەو شارە بانگهێشت و هەڕەشەیان لێ کرابوو.

ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای دامودەزگا ئەمنییەکانی خۆی بەردەوام لە ڕێگای بانگهێشت و هەڕەشەکردن، هەوڵ دەدات خەڵکی نیشمانپەروەری کوردستان چاوترسێن بکات کە بۆ زیندووڕاگرتنی هێما و پیرۆزییە نەتەوەییەکانی کورد چالاکی نەکەن.

سەڕەڕای ئەو هەوڵانەی ڕێژیم، ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ وشیاریی سیاسیی خەڵکی کوردستان لە پەرگرتندایە و لە ئێستادا لاوانی کوردستان بە تایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام هەست و سۆزی نیشتمانیی خۆیان دەردەبڕن.