کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران هەڵدەکوتنە سەر ماڵی خەڵک

12:16 - 6 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: هێزە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کوردستان، بۆ ترس و تۆقاندنی خەڵک بە شێوەیەکی دڕندانە هەڵدەکوتنە سەر ماڵ و حاڵی خەڵکی کوردستان.

دامەزراوە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کوردستان، لە هەموو کاتێکی شەو و ڕۆژدا هەڵدەکوتنە سەر ماڵی خەڵک و نیگەرانی و ترسیان خستووەتە نێو دڵی هاووڵاتییانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە شاری کامیاران و پاوه بە شێوەیەکی دڕندانە هەڵدەکوتنە سەر ماڵی خەڵک.

لەو پێوەندییەدا، بەرپرسانی بنکە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، هەڕەشە لە بنەماڵەی پێشمەرگەکان دەکەن و داوایان لێ دەکەن، کە بەڵگە و ناسنامەی منداڵەکانیان ڕادەستی ئەو بنکە و ناوەندانە بکەن.

بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران، بەردەوام بنەماڵەی پێشمەرگەکان دەخەنە ژێر گوشارەوە، کە دەبێت منداڵەکانیان واز لە پێشمەرگایەتی بێنن و زۆر جاریش دایک و باوکی پێشمەرگەکانی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کردووە، لێپێچینەوه و ‌هەڕەشەی لێ کردوون.

ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان، کە بۆ هەموو جۆرە هەڵسوکەوتێکی دژە مرۆیی تەواو دەستیان ئاوەڵایە، سەرەڕای ئەوەی کە بنەماڵە و کەسوکاری پێشمەرگە و بەندکراوانی سیاسی بانگهێشتی ئەو ناوەندە دەکەن؛ زۆر جاریش بە فەرمی بە بنەماڵەی پێشمەرگە دەڵێن، کە ئەگەر نەتوانن منداڵەکانتان بێننەوە هەر شتێکیان بۆ هاتە پێش، ئەوە بەرپرسایەتییەکەی لە ئەستۆی خۆیانه.