کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیم لە سیلوانادا هێرشیان کردە سەر خەڵک

09:38 - 18 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ داگیرکردنی مڵک و ماڵی خەڵکی سیلوانا هێرشی کردە سەر خەڵک و شەڕ و تێکهەڵچوون ڕووی دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ١٧ی بانەمەڕ، کاتژمێر ٢ی دانیوڕۆ، یەکیەتیی تەعاونی وێڕای دێهیاری زێوە و هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئێران، بە   زۆەرملێ  و هەڕەشە ویستوویانە دووکاندارانی بازاڕی سیلوانا وادار بکەن کە پلاکی یەکیەتیی تەعاونی لە دووکانەکانیان هەڵواسن.

دوای ئەو هەوڵەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران، بازاڕییان لەگەڵ هێزی ئینتزامیی ڕێژیم، هەیئەتی یەکیەتیی تەعاونی و دێهیاریی زێوە تووشی شەڕ و تێکهەڵچوون بوون.

دێهیاری زێوە بە ناوی "پەرویز حەبیبی"، یەکێک لە مۆرەکانی ڕێژیمی ئێرانە و پشتیوانی لەو هەوڵەی ڕێژیم دەکات هەتا دووکان و بازاڕی خەڵک داگیر بکرێت.

هاوکات "ڕێباز میرزایی"، بەخشداری سیلوانا، هاوکاریی ڕێژیم دەکات کە مڵکی خەڵک داگیر بکرێت.

لە سیلوانای ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، لە شارەکی زێوه بازاڕێک دروست کراوە کە ٤٠٠ دووکان لەخۆوە دەگرێت و ماوەی ٢٠ ساڵە خەڵکی کەمداهات بژیوی ژیانیان لە ڕێگای ئەو دووکانانەوە دابین دەکەن.

ئەو هەوڵەی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران ناڕەزایەتیی خەڵکی لێکەوتووەتەوە و هێزەکانی ڕێژیمیش هەڕەشەیان لە خەڵک کردووە ئەگەر هاوکاریمان نەکەن ڕادەستی دادگاتان دەکەین و سزاتان دەدەین.

ئەو بازاڕە  کاتی خۆی لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دامەزراوە و مڵكی خەڵکە.