کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزە ئینتێزامییەکانی ڕێژیم تەقەیان لە کۆبوونەویەکی ناڕەزایەتی خەڵکی ئەهواز کرد

11:22 - 4 جۆزەردان 2720

ڕۆژی شەممە ٣ی جۆزەردان، خەڵکی ناوچەی ''غەیزانییە''ـی ئەهواز بەهۆی نەبوونی ئاو لەو ناوچەیە کۆبوونەوە و ڕێگای سەرەکی ئەو ناوچەیان داخست کە هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیم ناڕازیانیان دایە بەر دەستڕێژ و تەقەیان لە خەڵک کرد.

بەهۆی تەقەکردنی هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیم لە خەڵکی ناڕازی ئەهواز چەندین کەس بریندار بوونە کە لە منداڵێک بە سەختی بریندار بووە.

کێشەی کەمئاوی چەندین پارێزگای ئێرانی بە تەواوی گرتووەتەوە و ڕۆژانە گوێبیستی چەندین ناڕەزایەتی لەهەمبەر نەبوونی ئاودا دەبین کە ئەو قەیرانە خەریکە ڕۆژ بە ڕۆژ قوڵتر دەبێتەوە و ڕێژیم توانای چارەسەر کردنی نییە بۆیە تەنیا دەیهەوێت بە سەرکوت کردنی ناڕەزاییەتیەکان ئەو قەیرانە لەبیرباتەوە.

ناوچەی ''غەیزانییە'' لە ڕێگەی جادە قەدیمی ''ماشەهر'' و لە ٤٥ کیلۆمیتری شاری ئەهواز هەڵکەوتووە.

لە سەرتاسەری ئێران، بەتایبەت لە کوردستان و ناوچە عەرەبەکاندا، کە سەرچاوەی ئاوی ژێرزەوینی و ڕووزەوینی ئێرانن، ڕێژیم بە گواستنەوی ئاوی ئەو ناوچانە بۆ بیابانەکانی ناوەندی ئێران، قەیرانی کەمئاوی خولقاندووە و بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی خەڵک و هەتا ئێستە چەندین جار لەو ناوچانە خۆپیشاندان کراوە.