کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزە ئەمنیەتیەكانی ڕێژیمی ئێران ئیزنیان بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی فرووهەرەكان نەدا

15:40 - 2 سەرماوەز 2715

كوردستان میدیا: هێزە ئەمنیەتییەكانی ڕێژیمی ئێران پێشیان بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی یاده‌وه‌ریی داریوش فرووهەر و پەروانە ئەسكەندەرییان گرت.

هەر لەو پەیوەندییەدا پەرەستوو فرووهەر كچی داریوش فرووهەر لە وتووێژێكدا لەگەڵ ڕادیو فردا ڕایگەیاند كە هێزە ئەمنیەتییەكانی ڕێژیمی ئێران ئیزنیان نەدا كە ئێمە ڕێوڕەسمی ١٧هەمین ساڵڕۆژی كوشتنی داریوش فرووهەر و پەروانە ئەسكەندەری لە ماڵی خۆمان لە تاراندا بگرین.

ئیزن نەدان بە بنەماڵەی فرووهەرەكان بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ١٧ هەمین ساڵڕۆژی كوشتنی فرووهەرەكان لە كاتێكدایە كە بە وتەی پەرەستوو فروهەر لە ساڵانی ڕابردوودا هێزە ئەمنیەتییەكان ئێمەیان ئاگادار دەكردەوە كە نابێ ئەو ڕێوڕەسمە بەڕێوە ببەین، بەڵام ئەمساڵ تا كاتی ڕێورەسمەكە ئێمەیان ئاگادار نەكردەوە.

داریوش فرووهەر ڕێبەری حیزبی میللەتی ئێران و پەروانە ئەسكەندەری، ڕۆژی ١ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٧٧ لە ماڵی خۆیاندا بە زەبری چەقۆ كوژران. كوشتنی ئەوان بوو بە سه‌ره‌تای دەسپێكی كوشتنی ڕەوشەنبیر و جودابیران كه‌به‌ قەتڵە سیاسییه‌ زەنجیرییەكان ناوی دەركرد.

شایانی باسە كە ئەو كات حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ڕاگەیاندراوێكی دەركرد و كوشتنی داریوش فروهەر و پەروانە ئەسكەندەری بە توندی مەحكووم كرد.