کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی ئازەربایجان ڕێگای زەوینیی ئێران بۆ "ئەرمەنستانـ"ـیان داخست

18:46 - 6 خەرمانان 2721

سەید "ڕوحوڵڵا لەتیفی" وتەبێژی گومرکی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی بەپێی زانیارییەکانی کە هەندێک لە شۆفێر کامیۆنەکان بە ئێمەیان داوە ڕێگای "گوریس – کاپان" کە ڕێگای سنووریی نێوان ئێران و "ئەرمەنستانـ"ـە لەلایەن هێزەکانی وڵاتی ئازەربایجان بەستراوە.

هەواڵدەریی "تاس" سەر بە ڕووسیە بڵاوی کردووەتەوە بەهۆی ئەوەیکە ئەو ڕێگایە بەستراوە سەدان کامیۆن لە ناوچەی "سینیک" ماونەتەوە.

بە وتەی "گورگ پارسیان" یەکێک لە بەرپرسانی ئەرمەنستان ئێستا ڕێگای پێوەندی لەگەڵ ئێران بەستراوە.

لەو پێوەندییەدا ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٧ی خەرمانان بەرپرسانی "ئەیرەوان و باکوو" بڕیار بووه پێکەوە کۆبوونەوەیان هەبێت.

دەوڵەتی "ئەیرەوان" دەڵێت بەستنی ئەو ڕێگایە هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئەمنییەت و ئاشتی لە ناوچەدا.

لە دوای شەڕی ٤٤ ڕۆژەی نێوان کۆماری ئازەربایجان و ئەرمەنستان بەپێی ڕێککەوتنێک کە لە نێوان ئەو دوو وڵاتە واژۆ کرا ئێران سنووری خۆی لەگەڵ ئەرمەنستان لەدەست دا.

هەواڵدەریی "فارس" سەر بە سپای پاسداران ئەو کاتی سەبارەت بەو ڕێککەوتنە بڵاوی کردەوە: "ڕێککەوتنی نێوان کۆماری ئازەربایجان و ئەرمەنستان پیشانمان دەدات کە گۆڕانکارییەکان هیچ مانایەکی نییە، جیا لەوەیکە سنوورمان لەگەڵ ئەرمەنستاندا نەماوە".

لەو ڕێککەوتنەدا هاتووە، دوو ناوچەی "ئاغ دام" و خاکی کۆماری ئازەربایجان لە ناوچەی "قازاح" کە لەژێر کۆنترۆڵی ئەرمەنستان دابوو دەخرێتە سەر خاکی کۆماری ئازەربایجان و ئەرمەنستان ناوچەی "کلبجار و لاچین" بە کۆماری ئازەربایجان دەدات.

بەپێی ئەو ڕێککەوتنە ڕێگای "لاچین" بە بەرینایی ٥ کیلۆمیتر دەکشێتەوە دوا و کۆماری ئازەربایجان ئەو ڕێگایە کۆنترۆڵ دەکات.

جیا لەوەش ڕێگای هاتوچۆی نوێ بۆ کۆماری خودموختاری نەخجەوان و ناوچەکانی ڕۆژئاوای کۆماری ئازەربایجان دروست دەکرێت و ڕووسیە ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ دەکات.

بلاڤۆکی "فارێن پالیسی" بڵاوی کردبووە شەڕی نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان دۆخێکی خراپ بۆ ئێران دروست دەکات و خراپترین مۆتەکەی "تاران"ـه.