کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی بەرگری "پەنجشێر": هێزەکانی تاڵەبان بەهۆی تەقینەوەی کێوێک گەمارۆ دراون

12:05 - 14 خەرمانان 2721

لەحاڵێکدا شەڕ و بەربەرەکانێیەکی خەست و خۆڵ بۆ کۆنتڕۆڵی "دۆڵی پەنجشێر"، لە ئارادایە، "فەهیم دەشتی"، یەکێک لە وتەبێژەکانی بزووتنەوەی بەرگری لە "پەنجشێر"، وتوویەتی: هێزەکانی تاڵەبان بەهۆی تەقینەوەی کێو و داڕمانی لە ناوچەی دەشتی "ڕیوات"، کەوتوونەتە گەمارۆوە و تەواوی کەلوپەل و تەقەمەنییەکانیان بەجێهێشتوون.

"دەشتی" هەروەها ڕایگەیاندووە، شەڕ و پێکدادانێکی خەست لە "ساحە"، درێژەی هەیە و دەربازگەی "خاواکـ"ـیش، پچڕاوە و هەزاران شەڕکەری تاڵەبان لە "پەریان"، کەوتوونەتە بۆسەوە.

بەرپرسانی تاڵەبان لەو پێوەندییەدا هەتا ئێستا هیچ لێدوانێکیان نەداوە.

ناوچەی "پەنجشێر"، تەنیا شوێنێکە کە نەکەوتووەتە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی تاڵەبان و شەڕ و پێکدادانێکی چڕ لەنێوان ئەو هێزە  و هێزەکانی ناسراو بە گرووپی بەرگری لەو ناوچەیەدا لە ئارادایە.

یەکێک لە هێزەکانی تاڵەبان بە هەواڵدەریی ڕۆیتێرزی ڕاگەیاندووە کە ئەو ناوچەیەیان کۆنتڕۆڵ کردووە، بەڵام هێزەکانی بەرگری لە دۆڵی پەنجشێر، ئەو ئیدەعایەیان ڕەت کردووەتەوە.