کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی هاوپەیمانان هێرشی دووبارەیان کردە سەر میلیشیاکانی عێراق

12:48 - 23 رەشەمه 2719

هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق لە وڵامی هێرشی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە خاکی عیراق کە هێرشیان کردە سەر بنکەی نیزامیی "ئەلتاجی"، هێرشێکی بەرینیان کردە سەر بنکەکانی هێزە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی ٢٣ی ڕەشەمە، هێزەکانی هاوپەیمانان کە پێک هاتووە لە ئامریکا و بریتانیا، لە وڵامی هێرشەکەی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراقدا، هێرشیان کردە سەر ٥ بنکەی ئەو  میلیشیا چەکدارانە و گورزێکی کاریگەریان لێ وەشاندن.

بنکە نیزامییەکانی: "کەتائیبی حیزبوڵڵا، کەتائیبی ئیمام عەلی، عەسائیبی ئەهلی حەق، بەدر، ئەلنەجبا، حەشدی شەعبی و سپای تێرۆریستیی پاسداران"، لەو هێرشانەدا بوونە ئامانجی فڕۆکە شەڕکەرەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان.

هاوکات وەزارەتی بەرگریی ئامریکا بە بڵاوکردنەوەی بەیانییەیەک ڕایگەیاندووە کە ئەو هێرشانە بۆ سەر ٥ بنکەی کۆگای چەکوچۆڵی "کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق"، بە مەبەستی لاوازکردن و لەنێوبردنی تواناتیی ئەو گرووپە بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانی داهاتوو بۆ سەر هێزەکانی ئامریکا بووە.

لەو هێرشانەدا باس لە کوژرانی پاسداری تێرۆریست "سیامەند مەشهەدانی"، ئەندامی باڵای سپای تێرۆریستیی پاسداران دەکرێت، بەڵام تا ئێستا ئامارێکی دروست لە کوژراو و بریندارەکانی ئەو هێرشانە بڵاو نەبووەتەوە.

"مایک ئێسپێر"، وەزیری بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا کە لەلایەن "دانڵد ترامپـ"ـەوە دەسەڵاتی تەواوی پێدراوە، ڕایگەیاندووە کە بکەرانی هێرش بۆ سەر بنکەی "ئەلتاجی"، ناتوانن خۆیان لە سزادانیان لەلایەن ئامریکاوە ڕزگار بن.

هەروەها "بێن والاس"، وەزیری بەرگریی بریتانیا لە بەیانییەیەکدا ڕایگەیاندبوو، ئەوانەی کە ویستوویانە زەبر لە هێزەکانمان بدەن دەبێ چاوەڕوانی وڵامێکی توند بن.

ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی ڕەشەمە، هێزەکانی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە خاکی عێراق، هێرشیان کردە سەر بنکەی "ئەلتاجی" لە خاکی عێراق کە شوێنی نیشتەجێبوونی هێزەکانی هاوپەیمانانە و لەو هێرشەدا ٢ سەربازی ئامریکایی و سەربازێکی بریتانیایی گیانیان لەدەست دا و لە بەرانبەردا ئامریکا هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی لەو هێزانە کردبوو.