کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی هاوپەیمانی عەرەبیی جارێکی تر هێرشیان کردە سەر حوسییەکانی یەمەن

10:26 - 13 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: هێزەکانی هاوپەیمانی عەرەبیی جارێکی تر هێرشیان کردە سەر میلیشیا چەکدارەکانی سەربە ڕێژیمی ئێران لە یەمەن و هێلانەیەکی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەو گرووپە تیرۆریستییەیان وێران کرد.

لە درێژەی ئۆپراسیۆنی هێزەکانی هاوپەیمانی عەرەبیی بە ڕێبەرایەتی عەرەبستانی سعوودی بۆ سەر میلیشیا چەکدارە حوسییەکانی سەربە ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی یەمەن، شەوی هەینی ۱۱ی ڕێبەندان، جارێکی تر هێرش کرایە سەر مۆڵگەکانی میلیشیا چەکدارە حوسییەکان لە شاری سەنعا.

سەرهەنگ" ترکی مالکی"، وتەبێژی هاوپەیمانی عەرەبیی لەمبارەوە ڕایگەیاند: کاتژمێر ٢٢:٤٠ خولەکی نیوەشەوی هەینی، هێزەکانی هاوپەیمانی عەرەبیی، لە درێژەی هەمان ئۆپراسیۆنی شەوی ۲۸ی بەفرانبار، جارێکی تر هێرشیان کردە سەر مۆڵگەی میلیشیاکانی سەربە ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی شاری "سەنعا"ـی وڵاتی یەمەن و هێلانەیەکی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی حوسییەکانیان لەنێو بردووە.

سەرهەنگ "ترکی مالکی"، جەختی لەوەش کردەوە کە ئەو ئۆپراسیۆنە بەپێی یاسا سیاسی و سەربازییە نێونەتەوەییەکان ئەنجام دراوە و هێلانەیەکی ناڕەوای سەربازیی کردووەتە ئامانج، هەروەها هەواڵدەرییە عەرەبییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ئاکامی ئەو هێرشە، ژمارەیەکی بەرچاو لە چەکدارەکان کوژراو و بریندار بوون.

لە لایەکی ترەوە ژنڕاڵ "عەبدە مەجەلی"، وتەبێژی فەرمی هێزە چەکدارە یاساییەکانی وڵاتی یەمەن، لە پرێسکۆنفرانسێکدا لە سەر ڕۆڵی ئاژاوەگێڕانەی میلیشیا چەکدارە حوسییەکانی سەربە ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتە، ڕایگەیاند؛ حوسییەکان بە پاڵپشتی و هاوکاریی ڕاستەوخۆی ڕێژیمی ئێران، لە درێژەی دەستدرێژییەکانیان لەم وڵاتە، نەتەنیا قوتابخانە و نەخۆشخانەکانیان کردووەتە ئامانج، بەڵکوو لە شارەکانی "حەیس" و "ئەلتەحیتا" خانووی هاووڵاتییە مەدەنییەکانیشیان کردووەتە ئامانج و تاوانیان خۆڵقاندووە.

ناوبراو لە کۆتاییشدا جەختی لەوە کردەوە کە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای میلیشیا چەکدارە حوسییەکان و سپای قودسەوە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتی یەمەن دەکات و ڕایگەیاند کە میلیشیا چەکدارە حوسییەکان لە سەرەتای واژۆکردنی ئاگربەست لە پارێزگای "حەدیدە"، بە هۆی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە تاکوو ئێستا ٧٦٠ جار ئەو ئاگربەستەیان پێشێل کردووە.