کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی هاوپەیمانی عەرەبیی هێرشێکی ئاسمانییان کردە سەر حوسییەکانی سەربە ڕێژیمی ئێران

18:24 - 30 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانی عەرەبی هێرشێکی ئاسمانییان کردە سەر ناوەندە سەربازییەکانی میلیشیا چەکدارە حوسییەکانی سەربە ڕێژیمی ئێران.

فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانی عەرەبیی بە فەرماندەیی عەرەبستانی سعوودی، نیوەشەوی شەممە ۲٨ی بەفرانبار، لە ئۆپراسیۆنێکی ئاسمانیدا چەندین هێرشی چڕوپڕیان کردە سەر بنکە و ناوەندە سەربازییەکانی میلیشیا چەکدارە حوسییەکانی سەربە ڕێژیمی ئێران لە شاری "سەنعا"ـی پێتەختی وڵاتی یەمەن کە تاکوو دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ۲۹ی بەفرانبار، درێژەی هەبووە و تاکوو ئێستا زیانە گیانی و سەربازییەکانی ئەو ئۆپراسیۆنە بڵاو نەکراوەتەوە.

لەمبارەیەوە یەکێک لە وتەبێژانی هێزەکانی هاوپەیمانی عەرەبیی بە هەواڵدەریی "ئەلعەرەبییە"ـی ڕاگەیاندووە: لەو ئۆپراسیۆنەدا چەندین بنکەی سەربازیی وەکوو بارەگاکانی ڕاهێنانی بنکەی ئاسمانی "ئەلدۆلیمی"، شوێن و بنکەی ڕاهێنانە سەربازییەکانی حوسییەکان کراونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانی عەرەبیی.

هەروەها وتەبێژی فەرمیی هێزەکانی هاوپەیمانی عەرەبیی، وێڕای ئاماژەدان بەوەیکە ئەو ئۆپراسیۆنە بە ڕەچاوکردنی یاسا نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ ئەنجام دراوە، ڕایگەیاند: "فەرماندەیی هێزەکانی هاوپەیمانی عەرەبیی لە ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوان و چڕوپڕدا حەوت بنکەی سەربازیی تایبەت بە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی حوسییەکان کە بریتین بوون لە، کۆگای فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان، شوێنی درووستکردن و چاککردنەوەی فڕۆکەکان، شوێنی چاککردنەوەی تایبەتی فەنیی فڕۆکەکان، شوێنە تایبەتییەکانی تاقیکاریی فڕینی فڕۆکەکان و هەروەها ناوەندی ڕاهێنان و پەروەردەکردن بۆ کردەوە تیرۆریستییەکانی حوسییەکان کراونەتە ئامانج و بە تەواوەتی وێران کراون.

ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە و پەرەدان بە تیرۆریزمی نێونەتەوەیی لە ژێر ناوی ڕەوانەکردنی شۆڕش بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، بۆ بەکارهێنانی ئامانجە گڵاوەکانی خۆی ڕاهێنان بە گرووپە تیرۆریستییەکان لە ناوچەکەدا دەکات کە میلیشیا چەکدارە حوسییەکانیش یەکێک لەو گرووپە تیرۆریستییانەیە لە وڵاتی یەمەندا.