کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق کرانە ئامانج

11:39 - 20 بەفرانبار 2720

کاروانی نیزامیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق لە ڕێگای تەقینەوەی بۆمب لە ڕێگای ئەو کاروانە کرانە ئامانج.

ئەو تەقینەوەیە لە نزیک "ئەلیووسفیە" لە شاری بەغدا ڕووی داوە و لە زیانەکانی ئەو تەقینەوەیە هیچ زانیارییەک نییه.

لە ماوەی ڕابردوودا چەند جارێکی دیکە هێزەکانی هاوپەیمان کراونەتە ئامانج و زیانی گیانی و مادی بەدواوە بووە.

لە دوای ئەوەیکە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەڕەشەکانی خۆی بۆ تۆڵەکردنەوە لە ئامریکا چڕتڕ کردووەتەوە؛ تەقینەوە و هێرشەکان لە عێراقدا زیادی کردووە.

گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران هەڕەشەیان لە دەوڵەتی عێراق کردووە کە هێزەکانی ئامریکا لەو وڵاتە دەر بکات.

لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا چەندین جار بە ڕاکێتی کاتیۆشا و خومپارە بنکەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان و باڵوێزخانەی ئامریکا لە بەغدا کراوەنەتە ئامانج.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بەردەوام سەرچاوەی ئەو هێرشانەی گەڕاندووەتەوە بۆ گرووپە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، بەڵام هەنووکەش هیچ لایەنێک ئەو هێرشانەی لە ئەستۆ نەگرتووە.