کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی ڕێژیم لە نێو شارکانی کوردستاندا تەقە دەکەن

18:43 - 18 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئیران، بە بیانووی ڕاودوونانی کاسبکاران لە نێو شاردا و بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ یاسایەک بۆ پاراستنی هاووڵاتییان، تەقەی ڕاستەوخۆ دەکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٨ی خاکەلێوە، هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە شاری مەهاباد، بە بیانووی ڕاودوونانی کاسبکاران، بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە نێو شاردا تەقەیان لە خەڵک کردووە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە شارەکی کارمەندانی شاری مەهاباد، هێزە ئینتزامییەکان ڕێژیمی ئێران لە ئەنجامی ڕاودوونانی ماشینی کاسبکاران و بەبێ گوێدان بە پاراستنی ئەمنییەتی هاووڵاتییان؛ تەقە لە ماشینی ئەو کاسبکارانە دەکەن و شوێنی "ئیرانخۆدرۆ" دەکرێتە ئامانج.

لە ئەنجامی ئەو تەقەیەدا، شوشە و پەنجەرەی ئەو شوێنە دەشکێت و زیانێکی ماددی زۆر بەو شوێنە دەگات، کە دواتر هێزەکانی ڕێژیم شوێنەکە بەجێ دێڵن.

ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ئامارێکدا بڵاوی کردوووەتەوە، کە لە ساڵی ٩٧دا، ٣٠ هاووڵاتیی مەدەنیی لە نێو ڕێگاکاندا بە گومانی هەڵگرتنی کاڵای قاچاخ لە لایەن هێزە نیزامییەکانەوە تەقەی ڕاستەوخۆیان لێ کراوە.

لەو ٣٠ کەسە ١٢ کەسیان کوژراوە و ١٨ کەسیشیان بریندار بوونە.