کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی ڕێژیمی ئێران خۆیان بنکە و بارەگاکانی خۆیان وێران کرد

11:34 - 4 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران خۆپیشاندەران بەوە تاونبار دەکات کە ئەوان ئاژاوەگێڕ و تێکدەر بوون، بەڵام ڕاپۆرتەکان دەرخەری ئەوەن کە ڕێژیمی ئێران خۆی دەستی لە وێرانکردنی بنکە و ئیدارەکانی خۆیدا هەبووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە دوای ئەوەیکە خەڵکی کوردستان و ئێران دژی گرانبوونی بێنزین خۆپیشاندانیان کرد، کەسانێکی تایبەتی سەر بە ڕێژیم دەستیان بە شكاندنی شووشەی بانکەکان کرد.

لە دوای ئەوەیکە خۆپیشاندانەکان لە شاری بۆکان گەورە بوویەوە، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران بە ماشین و لیباسی شەخسی ڕژانە ناو خەڵک و خۆپیشاندەرانیان دایە بەر لێدان.

پاشان ڕێژیم لە شارەکانی "میاندواو" و "سایین‌قەڵا" بە هێلێکۆپتێر هێزی هێنایە بۆکان.

هاوکات لە شاری سەقز لە پادگانی ئەرتشی ڕێژیم هێزیان ڕەوانەی بۆکان کردووە.

بەشێکی زۆر لە خۆپیشاندەران لە لایەن "مووسەوی" دادوەری ڕێژیمەوە بە تاوانی "محاربه" مەحکووم کراون.

خۆپێشاندەران بە بارمتەی ١٠٠ هەتا ٢٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کراون.

جیا لە خەڵکی ئاسایی ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی لە لایەن ئیتلاعاتەوە بانگهێشت کراون.

بەپێی زانیارییە باوەڕپێکراوەکان کە لە ماڵپەڕی کوردستان میدیادا بڵاو کراونەتە، بڕیار بووە لەئەگەری بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکان لە ڕۆژی سێهەمدا فەرمانداری و ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران لە شاری بۆکان، کارەبا و گازی ئەو شارە بپچڕێنن.