کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە باشووری سووریە بە چەمەدانی پڕ لە دۆلار ئەندامگیری دەکەن

11:18 - 25 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژنامەی ''شەرقولئەوسەت'' لە ژمارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر، لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری سەرچاوەی ئیتلاعاتیی نیزامیی ئیسرائیل ئاشکرای کردووە کە ‌‌هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە لە مانگەکانی ڕابردووەوە لە شارەکانی ''حوران و گوڵان'' لە باشووری ئەو وڵاتە لە ڕاستای ئامانجە سیاسی و ئیدئۆلۆژییەکانی بە چەمەندانی پڕ لە دۆلارەوە ئەندامگیری دەکەن.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، هێزەکانی ڕێژیمی ئێران پارەیەکی زۆریان داوەتە خەڵکی شاری ''ئەسویدا''، بە تایبەت ڕێبەرانی هۆزی ''دروزی'' کە بە پاڵپشت و لایەنگری ڕێژیمی "بەشار ئەسەد" ناسراون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە "دروزیـ"ـیەکان ماوەیەکە دەستیان لە پشتیوانیی ''بەشار ئەسەد'' هەڵگرتووە و ڕوویان لە ئێران و حیزبوڵڵا کردووە.

سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیران بە ئامانجی ڕاکێشانی سیاسی و گۆڕینی مەزهەبی گرووپەکانی دیکەی سووریە بۆ ئاسانکاریی پیلانەکانی حیزبوڵڵا، بڕە پارەیەکی زۆریان داوەتە ئەو گرووپانە.

ساڵی ڕابردوو ناوەندی توێژینەوەی ''ئیتلاعات و تێرۆریزم'' لە ئیسرائیل ڕاپۆرتیکی تێروتەسەلی لە چالاکییەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە بۆ بەشیعەکردنی خەڵکی سونەمەزهەب بڵاو کردبووەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ناوەندە، ڕێژیمی ئێران لە ڕاستای گۆڕینی پێکهاتەی حەشیمەت لە سووریە شارەکسازییەکی بەربڵاوی دەست پێ کردووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ڕێژیمی ئێران خانوبەرەیەکی زۆری کڕییە و خەڵکی شیعەمەزهەبی لە ئێران، عێراق، ئەفغانستان و یەمەنەوە لەو خانووانەدا نیشتەجێ کردووە و بە دامەزراندنی بنکەی خێرخوازی، خەڵکی خۆجێیی ئەو ناوچانە بۆ ئامانجی سیاسیی خۆی ڕادەکێشێت.

ئەرتشی ئیسرائیل ئەو چالاکییانەی ڕێژیمی ئێرانی خستووەتە ژێر چاوەدێری و لە ڕاستای پێشگرتن لە پەرەپێدانی چالاکییەکانی ئێران ئەگەری هەیە هێرش بکاتە سەر گوڵان و حوران لە خاکی سووریە.