کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێلال ئەحمەر هەرەشەی لە ئەندامانی ئەنجومەنی ''ژیانەوەی سروشتی مەهاباد'' کرد

14:16 - 8 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: هێلال ئەحمەری شاری مەهاباد،  هەڕەشەی دەستبەسەر کردنی لە ئەندامانی ئەنجومەنی ''ژیانەوەی سروشتی مەهاباد'' کرد کە لە حاڵی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ لافاولێدراوان بوون.

به پێی هەواڵی گەیشتوو به ماڵپەری کوردستان میدیا، ئەندامانی ئەنجومەنی ''ژیانەوەی سروشتی مەهاباد''، کەمپەنێکیان بە دروشمی '' بەتەنیا جێیان نەهێشتین و بەتەنیا جێیان ناهێڵین'' بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی ڕیکخستووە کە لەگەڵ هەڕەشەی هێلال ئەحمەر شاری مەهاباد ڕوبەرو بوونەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێلال ئەحمەری مەهاباد بە هەڕەشەکردن لە بەڕێوەبەرانی ئەو کەمپێنە ڕایانگەیاندووە دەبێت یارمەتییە کۆکراوەکان ڕادەستی هێلال ئەحمەر بکەن.

ئەو سەرچاوەیە  هەروەها ڕایگەیاند،  ئەندامانی ئەنجومەنی ''ژیانەوەی سروشتی مەهاباد'' ئەو داواکارییەی هێلال ئەحمەریان ڕەتکردووەتەوە.

ئەو سەرچاوە ئاگاداره باسی لەوە کردووە، پاش ڕەتکردنەوەی ئەو داواکارییەی هێلال ئەحمەر ، بەڕێوەبەرانی ئەم کەمپەنە هەڕەشەی دەستبەسەرکردنیان لێکرا.

هەروەها بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، سەرەڕای هەڕەشەکان لەلایەن کۆمەڵەی هێلال ئەحمەر، ئەندامانی ئەنجومەنی ''ژیانەوەی سروشتی مەهاباد'' درێژە بە کۆکردنەوەی یارمەتییەکانی خەڵک بۆ لافاولێدراوان دەدەن.

لە ڕۆژی دووشەممە، ٥ خاکەلێوەدا، لافاو زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستان و ئێرانی گرتۆتەوە کە بۆتە هۆی زیانی گیانی و مادی هاووڵاتییان.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە کاربەدەستانی ڕێژیم جیا لەوەی کە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان نادەن، پێش به یارمەتییەکانی خەڵک دەگرن و ئەو یارمەتییانە زەوت دەکەن و بۆ ئامانجەکانی خۆیان لە وڵاتانی دیکە کەڵکی لێوەردەگرن.