کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێلکەش لە سفرەی خەڵک سڕدرایەوە

14:14 - 29 خەرمانان 2720

گرانیی خواردەمەنییەکان لە ئێران لە ئاستێکدایە کە ڕۆژ بە ڕۆژ سفرەی خەڵک بچووکتر دەبیتەوە و ژیانی مانگێک بە هێلکە و پەتاتەوە ٢ ملیۆنی تێدەچێت.

پاش هەڵکشانی ڕۆژ بە ڕۆژی نرخی دۆلار، لە ئێستادا نرخی هێلکە چرکە بە چرکە دەگۆڕدرێت و لە توانای کڕینی خەڵکدا نەماوە.

لە ئێستادا بنەماڵەیەکی ٤ کەسی لە مانگێکدا ئەگەر بۆ نانی بەیانی نان و کەرە و نیوەڕۆ نیسک و پڵاوی بە بێ قیمە و کشمیش و شێوی هێلکە و پەتاتە بخوات، دەبێ نزیکەی یەک ملیۆن و ٩٠٠ هەزار خەرج بکات.

لە بەرانبەر ئەوەدا حەقدەستی مانگانەی کرێکاران لە ئیران مانگانە نزیکەی ٢ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەنە.

ئەو شێوەیە لە گرانیی خواردەمەنییەکان و کەمبوونی مووچە و داهاتی خەڵک تەنانەت هێلکەشی لە سفرەی خەڵکی کەمداهات سڕیوەتەوە.

ڕاپۆرتە مەیدانییەکان و پشتڕاستکردنەوەی بەرپرسان دەریخستووە لە یەک حەوتوودا نرخی هێلکە ٨٥ لەسەد هەڵکشاوە و لە شانەیک ٢٠ هەزارەوە گەیشتووەتە ٣٨ هەزار تمەن.

هەروەها نرخی هەر قاڵبی ١٠٠ گرەمیی کەرە لە ٤ هەزار تمەنەوە گەیشتووەتە ٨ هەزار تمەن.

ڕێژیم هۆکاری گرانبوونی هێلکەی گەڕاندووەتەوە بۆ هەناردەکردنی هەوسارپچڕاو، بەڵام مریشکداران هۆکارەکەیان گەڕاندووەتەوە بۆ گرانیی خۆراکی مریشکەکان.