کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێنانی چەکوچۆڵی قورس بۆ کوردستان بەردەوامە

12:28 - 18 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە بەرەبەری نەورۆزدا، ژمارەیەک چەکوچۆڵی قورسی بۆ شارەکانی جوانڕۆ و سەلاسی باوەجانی لە پارێزگای کرماشان هێناوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژمارەیەک چەکوچۆڵی قورس، لە لایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە، لە شارەکانی دیکەی ئێران، ڕەوانەی شارەکانی جوانڕۆ و سەلاسی باوەجانی و لە سنووری ئەو دوو شارەدا، جێگر کراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە ڕایگەیاند: "ئەو چەکوچۆڵە قورسانە لە جۆری تانک و کاتیوشا و لەگەڵ هێندێک چەکی نیوەقورس بووە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد، ئەو چەکوچۆڵانە لە جادەی جوانڕۆ بۆ شاری سەلاسی باوەجانی گوازتراوەتەوە و لە سنووری ئەو شارە جێگیر کراون.

ئەو سەرچاوەیە، هۆکاری هێنانی ئەو ژمارە زۆرەی چەکوچۆڵەی بۆ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆز گەڕاندەوە، کە هاووڵاتییان خەریکی ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمەن.

میلیتاریزەبوونی کوردستان هەتا ئێستا نەیتوانیوە ببێتە هۆی بەربەست بۆ چالاکییە مەدەنییەکانی هاووڵاتییانی کورد و ساڵانە چەندین کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەرینی لە سەرتاسەری کوردستان لە لایەن چالاکانی مەدەنی و هاووڵاتییانی کورد بەڕێوە دەچێت و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران پەنا بۆ سەرکوت، بانگهێشتکردن، دەستبەسەرکردن و مەحکوومکردنی هاووڵاتیانی کورد ببات و بەم شێوەیە پێش لە چالاکییە مەدەنی و ناڕەزایەتییەکان دەگرێت.

هاوکات دوای ڕاگەیاندنی ڕاسان، بە مەبەستی دەسپێکردنەوەی خەباتی نوێ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و ناردنەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ نێوخۆی وڵات و گرێدانی خەباتی شاخ و شار، هێزەکانی سپای پاسداران لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان کەوتنە ئامادەباشییەوە و دەستیان بە میلیتاریزەکردنی کوردستان کرد.