کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێپاتیت و ئایدز لە بەندیخانەکان هەڕەشە لە گیانی بەندکراوان دەکات

18:40 - 25 جۆزەردان 2720

سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە ٢ هەزار تووشبووی ئایدز و ٧ هەزار تووشبووی هێپاتیت لە زیندانەکانی ئێراندا بوونیان هەیە.

لە بەندیخانەکانی ئێران، نەبوونی پێڕاگەیشتنی پێویستی پزیشکی و تەندروستی وای کردووە کە هەندێک لە نەخۆشییە گشتگیر و ڤایرۆسی و کوشندەکان پەرە بستێنێت و ئەمە هەڕەشە لە گیانی بەندکراوان دەکات.

"ئەسغەر جەهانگیری" سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە لە بەندیخانەکانی ئێراندا ٢ هەزار تووشبووی ئایدز و ٧ هەزار تووشبووی هێپاتیت بوونی هەیە کە خەریکن کار دەکەن بۆ دابینکردنی کەرەستەی پزیشکیی پێویست و هەروەها دەرمان کردنیان.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا ڕێژیمی ئێران نکۆڵیی لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە لە زیندانەکاندا کرد و ئەوە لە کاتێکدا بوو کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیندانەکاندا بڵاو ببووەوە و هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەڕەشە لە گیانی زیندانییان دەکات.

لە ئێستاشدا کە ئەو ڕێژەیە لە تووشبووانی ئایدز و هێپاتیت لە زیندانەکاندا بوونی هەیە و وەک نەخۆشیی تایبەت ناویان لێ دەبرێت کە زیاتر لە مەترسیی کۆرۆنادان و هەڕەشەیەکی جیددییان لەسەرە.