کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێڵی هەژاری لە ئێراندا گەیشتە ١٠ ملیۆن تمەن

13:08 - 5 رەزبەر 2720

هێڵی هەژاری لە ئێراندا بۆ هەر بنەماڵەیەکی ٤ کەسی گەیشتووەتە ١٠ ملیۆن تمەن کە بەو دۆخەوە زۆربەی کرێکاران توانای کڕینی موبایلیان بۆ خوێندنی منداڵەکانیان نییە.

"حەمید ڕەزا ئیمام قووڵی تەبار" چاوەدێری کۆڕی باڵای نوێنەرانی کرێکارانی ئێران، ڕۆژی هەینی ٤ی ڕەزبەر، ڕایگەیاندووە بە سەرنجدان بە بەراوردی هێڵی هەژاریی ١٠ ملیۆن تمەنی لە وڵاتدا بۆ هەر بنەماڵەیەکی ٤ کەسی و پێدانی ٣ ملیۆن تمەن مووچەی مانگانە بەوپەڕی خۆشبینییەوە، دەردەکەوێت چینی کرێکار لە هەژاریی تەواودا بەسەر دەبەن.

 ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە: "لە چەند ساڵی ڕابردوودا زۆربەی کۆمەڵگا و بەتایبەت کرێکاران لەژێر کاریگەریی توندترین گوشارە ئابوورییەکانی وەکوو هەڵاوسانی ئابووریی هەوسارپچڕاو، کەمیی داهات، کەمبوونەوەی توانای کڕین و چوونەسەرەوەی هەژاریدا بوونە".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی سەرباقیی ئەو هەموو کێشە ئابوورییە کۆرۆناش دۆخەکەی ئەستەمتر کردووەتەوە.

بەپێی دوایین ئاماری ڕاگەیاندراوی نرخی هەڵاوسان لە ئێراندا، نرخی هەڵاوسان لە خەرمانانی ئەمساڵدا ٢٦ لەسەد بووە کە ٠.٢ لەسەد هەڵکشاوە، لەلایەکی دیکەوە هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ بەنیسبەت مانگی گەلاوێژی ڕابردوو ٤ لەسەد هەڵکشاوە و گەیشتووەتە ٣٤.٤ لەسەد، هەروەها هەڵاوسانی مانگانە کە نیشاندەری چوونە سەرەوی نرخەکان لە مانگێکدایە، ٠.١ چووەتە سەرەوە و گەیشتووەتە ٣.٦ لەسەد.

سەرەڕای ئەو دۆخە شپرزەیەی ئابووری و بژێویی ژیان لە ئێراندا، تێچووی خوێندنی منداڵانیش کێشەیەکی گرینگە کە یەخەی خەڵکی کەمداهاتی گرتووەتەوە.