کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەتا ساڵی ١٤٢٥، ٣٠ لەسەدی حەشیمەتی ئێران دەبنە بەساڵاچوو

11:52 - 29 بانەمەڕ 2722

"عەلی محەممەد قادری" سەرۆکی بێهزیستیی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "هەتا ساڵی ١٤٢٥، ٣٠ لەسەدی حەشیمەتی ئێران دەبێتە بەساڵاچوو". هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە دەبێ لەو بوارەوە فەرهەنگسازی بکرێت.

لەو پەیوەندییەدا "عەلی خامنەیی" جارێکی دیکە لەسەر زۆربوونی حەشیمەت لە ئێران پێداگری کردەوە. ڕێبەری ڕێژیمی ئێران زۆربوونی حەشیمەتی بە سیاسەتی زیندوومانەوەی داهاتووی ئێران وەسف کردووە.

"خامنەیی" ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، لە پەیامێکدا کە لە دانیشتنی بنکەی میللیی حەشیمەتی ڕێژیم خوێندراوەتەوە، پیریی حەشیمەتی ئێرانی بە کارەسات ناو بردووە و هەوڵدان بۆ زۆربوونی حەشیمەتی بە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی بەرپرسان و خەڵک زانیوە.

ئەو قسانەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدایە کە خەڵک بەهۆی هەژاری و دۆخی نالەباری ئابووریی ئێران توانای دابینکردنی بژێویی ژیانی خۆیانیان نییە و لە دۆخێکی قەیراناویدا دەژین.

هاوکات خەڵک لە زۆربەی پارێزگاکانی ئێران بەهۆی گرانی و هەژاریی لەڕادەبەدەر ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و بە دژی ئەو ڕێژیمە دروشم دەدەن.