کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەتا گران نەبووە بکڕن

12:15 - 28 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بۆ چارەسەریی گرانی و بەرنامەیەک بۆ پێشگرتن لە گرانی، داوایان لە خەڵک کردووە هەتا گران نەبووە، بکڕن.

"تەحانپوور"، سەرۆکی یەکیەتیی فرۆشیارانی کەلوپەلی نێو ماڵ لە لێدوانێکدا لەگەڵ هەواڵنێران، بە شێوەیەکی فەرمی، داوای لە خەڵک کردووە کە هەتا شتومەکی نێو ماڵ گران نەبووە، بڕۆنە بازاڕ و بکڕن.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە نیسبەت گرانی، لێدوان و هەڵوێستی جیاواز دەگرن و هەر جار بە شێوەیەک باسی گرانی دەکەن و ڕێگاچارەیەکی بۆ دەدۆزنەوە کە هیچ کات بەکردەیی ناکرێت.

عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران بۆ پێشگرتن لە گرانی و قەیرانی ئابووری ساڵی ٩٦ی وەک ساڵی "ئابووری خۆڕاگری، بەرهەمهێنان، ڕەخساندنی هەلی کار" و ساڵی ٩٧ی وەک ساڵی "پشتیوانی لە کاڵای ئێرانی" ناودێر کرد.

ئەو ناولێنانەی خامنەیی لە ساڵەکان، وەک باقی ساڵەکانی پێشوو تەنیا بەپێچەوانەکەی هاتە دی و دۆخی ئابووریی ئێران لە ئاستێکدایە، کە بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە خۆیان دان بەوەدا دەنێن کە ئابووریی ئێران داڕماوە و کارگە و کارخانەکان بەگشتی بەرەو داخران دەڕۆن.