کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەدەپە بەربژێری خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی پارلەمان دیاری کرد

11:46 - 4 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: پارتی دێموکراتی گەلان "HDP"، بۆ هەڵبژاردنەکانی کوردستانی باکوور و تورکیە، ژنێكى بۆ پۆستى سەرۆکى پارلەمانی تورکیە دیاری کرد.

ڕۆژی هه‌ینى، ٤ی ڕەشەمە، پارتى دێموکراتى گەلان "هەدەپە" "، سەرپیل کەماڵباى" وه‌ك ژنێک بۆ پۆستى سەرۆکى پارلەمانی تورکیە بەربژێری کرد.

پارتى دێموکراتى گەلان "هەدەپە"، له‌ كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا بە فەرمی ناوبراویان بۆ ئەو پۆستە دیاری کردووە.

سەرپیل کەماڵباى، لە ساڵى ١٩٦٤ی زایینی، لە ناوچەى ئەرداهان لە دایک بووە و قۆناغەکانى خوێندنى ناوەندى و ئامادەیی هەر لەوێ تەواو کردووە، دواتر لە ساڵى ١٩٧٨ لەگەڵ خێزانەکەى کۆچیان کردووە بەر ئیستانبول و لەوێ لە زانکۆى تەکنیکی ئەو شارە بڕوانامەى لە بەشى ئەندازیاریی کیمیادا بەدەست هێناوە.

ناوبراو، دواتر لە ساڵى ٢٠١٥دا هەتا ساڵى ٢٠١٧دا هاوسەرۆکى پارتى دێموکراتى گەلان بووە.

هەدەپە، حیزبێکی سیاسییە کە لە کوردستانی باکوور خەبات دەکات و ڕێبازێکی چەپ و سۆسیالیزمیان هەیە.

ئەو حیزبە ساڵى ٢٠١٢ لە ئانکارا دامەزراوە، ئامانجی ئەو حیزبە دامەزراندنی حکوومەتێکی دێموکراتیک لە تورکیەیە.

هەدەپە چەند ڕۆژ لەمەوبەر‌ ئاشکرای کرد، کە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیە هەر دەنگێکی دژی ئاكەپە و مه‌هه‌په‌ بێت، خزمه‌ت به‌ ئاشتییە.

بڕیارە ھەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە توركیه و باكووری كوردستان لە مانگی ئادار بەڕێوە بچێت. بۆ ئەو ھەڵبژاردنەش هەدەپە و حەوت پارت و لایەنی باکووری کوردستان، رێک کەوتوون كە ھەموویان پشتیوانی لە بەربژێرەکانی ھەدەپە بكەن.