کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەدەپە لەبەردەم هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوە دایه

16:33 - 4 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: پارتی باش "ئی پارتی" بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ "دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان" و چەند تۆمەتێکی تر، داوایەکی یاسایی لە دادگای تورکیه بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارتی دێموکراتی گەلان HDP تۆمارکرد.

پارتی باش کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵ ٢٠١٨ی زایینی، وەک پێنجەمین پارتی تورکیه سەرکەوتنی بەدەست هێنا و لە پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست "MHP" جیا بووەوە، بە تۆمەتی " ئەنجامدانی چالاکیی دژی سەربەخۆیی دەوڵەت و یەکیەتیی میللەت و وڵات " داوای لە دادگای تورکیه کرد؛ پارتی دێموکراتی گەلان ‌هەڵبوەشێتەوە.

ئەو داواکارییە لە لایەن "نوسرەت سەنەم" جێگری سەرۆکی گشتیی پارتی باش، بە ناوی ئەو پارتەوە ڕادەستی دادگای تورکیە کراوە.

ئەو بەرپرسەی پارتی باش پێشتریش دوو داوای یاسایی هاوشێوەیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەدەپە تۆمار کردبوو و ڕایگەیاندبوو، هەدەپە لە ساڵی ٢٠١٦ داوای خۆبەڕێوەبەرییان کرد، لە کۆنگرەکانی پارتەکەدا دروشمی جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانیان دەکرد؛ هەر بۆیە لە سکاڵامان دژیان تۆمار کرد

ناوبراو جەختی کردووەتەوە، چالاکییەکانی هەدەپە دژی یاسای بنەڕەتیی وڵاتەکەیانە و دەبێت ڕێگەیان پێنەدرێت بەشداریی پڕۆسەی سیاسیی بکەن و دابخرێت، بەتایبەت نابێت ڕێگە بدرێ بەشداری هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ئازاری ساڵی داهاتوو بکەن.

ساڵی ٢٠١٥ گرووپێک لە سەرکردەکانی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) شکستی بزوتنەوەکەیان خستە ئەستۆی دەوڵەتی تورکیە و  باخچەلی سەرۆکی گشتیی حیزبەکە داوای بەستنی کۆنگرەی نائاسایی حیزبەکەیان کرد و داواکەیان ڕەت کرایەوە.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو پارتی دێموکراتی گەڵان "HDP" زیاترین فشاری سیاسی لەسەر بووە و چەندین ئەندامی باڵای ئەو پارتە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە دەسبەسەر کراون یا هەڕەشەی دەسبەسەرکردنیان لەسەرە.