کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەرمان ڕۆژهەڵات: زمانی دایکی زەینی تاک بۆ وێناکردنی جیهان کە لەودا نیشتمان‌-نەتەوە وەکوو یەکەی ژیان پێناسە دەکات، ئامادە دەکات

10:27 - 30 رێبەندان 2721

وتووێژ: بێهزاد قادری

لە بەرەبەری ٢١ی فێبریوەر ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، وتووێژێکمان لەگەڵ مامۆستایەکی زانکۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی نهێنیی "هەرمان ڕۆژهەڵات" پێک هێناوە کە پێشکەشتانی دەکەین. لەم وتووێژەدا دەپەرژێینە سەر گرینگیی زمانی دایکی لە پەروەردە و پرۆسەی نەتەوەسازیدا.

- ئایا قسەکردن بە زمانی دایکی بەتەنیا دەتوانێت زمانی دایکی لە لەنێوچوون بپارێزێت؟

ناتوانێت. پەیوەندیی زارەکی لە هەلومەرجێکدا کە پەیوەندیی نووسین و میدیا و زۆربەی کات لێکئاڵانی ئەو دووانە، منداڵی گەمارۆ داوە، لە بەر تەوژمی ئەو لافاوەدا ناتوانێت خۆی ڕابگرێت. لەلایەکی ترەوە نەریتی زارەکی ڕەهەندی سروشتیی زمانە و لە پاراستنی ڕێزمان و وشە و بێژە و کەلەپووردا دەوری خۆی گێڕاوە. لەم سەردەمەدا وێڕای پەرەدان بە گەنجینەی ئەم بەشە و لەبەرچاوگرتنی خاڵی یەکەم، پێویستە زمان لە ئاستی ئابستراکتدا بەهێز بکرێت. ئەم خاڵە بێ پەرەدان بە نەریتی نووسین و لە هەنگاوی دواتردا لەسەر بنجی نووسین قۆناغی میدیاش بگرێتەوە. کورد چووەتە قۆناغی میدیاوە، بەڵام هەنگاوی "نووسینـ"ـی نەبڕیوە. ڕەنگدانەوەی نەریتی زارەکی لە میدیای کوردیدا بەداخەوە بەزەقی دیارە. دەق و نووسین زمان دەپارێزێت و مەوداکەی بەرین و ئاستی واتاییەکەی بەرز دەکاتەوە.

- بۆچی خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی گرینگ و پێویستە؟

منداڵ بە زمانی دایکی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا پەیوەندی دەگرێت. زمانی دایکی تەنیا وشە و ڕێزمان نییە، بەڵکوو هەر هێمایەک کە لە پەیوەندیی منداڵ لەگەڵ دەوروبەر و لە بیرکردنەوەی خۆیدا کاریگەرە، دەگرێتەوە.

زەینی مرۆڤ لە خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی لەسەر ڕێچکەی خۆی گەشە دەکات و پێدەگات. ئەمە لە پەروەردەبوونی منداڵ و گرسانی کەسایەتیی ئەودا بەردی بناغەیە. بەڵام ئەگەر خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی نەبێت، ڕەوتی پەروەردەی ئاسایی منداڵ دەپچڕێت و لە گەنجی و گەورەساڵیدا هەندێک لایەنی کەسایەتی بۆشایی تێ دەکەوێت. ئیتر ئەو مرۆڤە خاوەن کەسایەتیی خۆی نییە.

- زمانی دایکی لە پرۆسەی "نەتەوە سازیـ"ـدا چ ڕۆڵێک دەگێڕێت؟

زمانی دایکی زەینی تاک بۆ وێناکردنی جیهان کە لەودا نیشتمان‌-نەتەوە وەکوو یەکەی ژیان پێناسە دەکات، ئامادە دەکات. تاکی کورد ناتوانێت بە زمانی عەرەبی، تورکی یان فارسی و تەنانەت ئینگلیزیش کوردستان وێنا بکات و وەڵام بۆ پرسیارەکان و ڕێگەچارە بۆ کێشەکان بدۆزێتەوە. گرنگە لە سەرچاوەکانی مەعریفەی دەرەوەی زمانی کوردی کەڵک وەربگرین، بەڵام پێویستە بەپێی بارودۆخی کوردستان و بە زمانی کوردی بیکوردێنین.

- نەتەوەیەک کە ڕێگەی پێ نەدرێت بە زمانی دایکیی خۆی بخوێنێت و بنووسێت، چ داهاتوویەکی دەبێت؟

ناسنامەکەی وەکوو تۆپەڵەبەفرێک کە دەستاودەست دەبێت، پاش چەند بەرە دەتوێتەوە. زمان پێکهاتەی زەین بە شێوازی تایبەت ڕادەگرێت. زمانی دایکی شێوەی ژیان و بیرکردنەوە و واتادان بە ژیان کە لە ئاخێزی جیهان- ژینی کوردستانەوە دێت، وێنا دەکات و بەرهەمی دێنێتەوە. هیچ نەتەوەیەک ناتوانێت بە زمانی نەتەوەیەکی تر، داگیرکەر یان دراوسێ، ئەزموونی ژیانی خۆی بگێڕێتەوە. ئەگەر ڕێی پێ نەدرێت بە زمانی خۆی، بە ئاراستە و ناوەڕۆکی خۆی پەروەردە بکرێت، زۆر ناخایەنێت کە دەبێتە پاشکۆی نەتەوە- دەسەڵاتی سەردەست. واتە لەودا دەتوێتەوە، لە کاتێکدا سەردەست نایکاتە جمگەیەکی ڕاستەقینەی ناسنامەیی خۆی. داگیرکەران بۆ تواندنەوەی ژێردەستان لە خۆیاندا گرنگترین ئامرازیان سیستەمی پەروەردەیە.

- چ ڕێگاگەلێک بۆ پاراستن و گەشەپێدانی زمان دایکی بوونی هەیە؟

لە نەبوونی دەسەڵاتی پشتیوانی پەروەردە بە زمانی دایکیدا یەک ستراتێژی و بێهەژمار تاکتیک هەن. ستراتێژی بریتییە لە "پەروەردە بە زمانی دایکی لە پێناو ئاگامەندیی نەتەوەیی". لە تاکتیکەکاندا بۆ میناک دەتوانین بۆ فێرکاری بە زمانی کوردی لە ڕێکخراوە ناحکوومییەکان، کۆڕ و کۆبوونەوەی هاوڕێیانە، فێرکاریی بە بەرانبەر و گرنگتر لە هەموویان پەرەدان بە نەریتی خوێندن و نووسین لەنێو بنەماڵەکاندا ئاماژە بکەین.