کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی "کۆرۆنا" حکوومەتێکی سەرکەوتوویە

11:09 - 29 رەشەمه 2719

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕێوشوێنی توندی پزیشکی گرتووەتە بەر کە بەنیسبەت پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە پێش وڵاتانی پێشکەوتووی ڕۆژئاوایە.

"ڕێبەر ئەحمەد"، وەزیری نێوخۆی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی ڕەشەمە، لە کۆنفڕانسێکدا لەگەڵ پارێزگارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، قەدەغەکردنی هاتوچۆی بۆ ماوەی ٥ ڕۆژی دیکە درێژ کردووەتەوە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە، قەدەغەکردنی هاتوچۆ کاریگەرییەکی زۆر باشی لەسەر پێشگرتن بە تەشەنای ڤایرۆسی کۆرۆنا هەبووە، هەر بۆیە لە کاتژمێر ١٢ی شەوی ٢٨ لەسەر ٢٩ی ڕەشەمە، واتە ڕۆژی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە، قەدەغەکردنی هاتوچۆ بۆ ماوەی ٥ ڕۆژی دیکە، هەتا ٤ی خاکەلێوە درێژ دەکرێتەوە کە سەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە، ١٤ ڕۆژی داهاتوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر گرینگە.

"ڕێبەر ئەحمەد" لە نێوئاخنی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە داهاتی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان بەهۆی کۆرۆناوە لە سیفر نزیک بووەتەوە، بەڵام حکوومەت لەنێوان خراپ و خراپتر، خراپی هەڵبژاردووە.

هەروەها هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی بە پارێزگارەکان داوە تا ئەو کەسانەی کە ملکەچی لە بڕیارەکان دەکەن سزایان بدات، هەروەها لە کاتی قەدەغەبوونی هاتوچۆدا پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ هاوشارییانی کەمداهات دابین بکەن.

هەرێمی کوردستان لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر سەرکەوتووانە کاریان کردووە و بە گرتنەپێشی ڕێکارگەلی دروست و بەجێ، توانیویانە پێش بە تەشەنای ڤایرۆسی کۆرۆنا بگرن.