کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەرێمی کوردستان بەنیسبەت کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەرکەتوو بووە

12:59 - 2 بانەمەڕ 2720

هەرێمی کوردستان لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر سەرکەوتووانە هەنگاوی هەڵینا و بە گرتنەپێشی ڕێکارگەلی دروست و بەجێ، توانیی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆنترۆل بکات.

دوای ئەوەی کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەموو جیهاندا بڵاو بووەوە، زۆربەی وڵاتان بەتایبەت وڵاتانی پیشکەوەتوو، زۆرترین زیانی گیانی و ماڵییان لێکەوەتەوە و بە هەزاران کەس لەو وڵاتانەدا بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە بوونە قوربانی، بەڵام هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ئەم قەیرانەدا زۆر سەرکەتووانە چووەتە پێشەوە.

هەتا ئێستا لە هەرێمی کوردستان ٣٣٧ کەس تووشی کۆرۆنا بوونە و ٢٨٧ کەسیان چاکبوونەتەوە و ٤ کەسیش گیانیان لەدەست داوە.

لەم پەیوەندییەدا، ''نێچیرڤان بارزانی''، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە کە دونیا شایەتی ئەوەیە، حکوومەتی هەرێم زۆر بەباشی ڕووبەڕووی  ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتەوە.

هەروەها دوکتور ''سامان بەرزنجی''، وەزیری تەندروستیی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە: "بەرەو كۆنترۆڵكردندێكی باش دەڕۆین، خۆشبەختانە ئێمە بەدوای حاڵەت دەگەڕێین کە چەند ڕۆژێكە تۆمار نەكراوە و بەردەوامین لە چارەسەركردن و پشكنینی ھەر حاڵەتێكی گومان لێكراو".

حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتاوە بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕێوشوێنی توندی پزیشکی و  تەندروستیی گرتە بەر و توانی گیانی هاووڵاتیانی لە بەرامبەر ئەم پەتایە بپارێزێت.