شورای باڵای دادوەریی هەرێمی کوردستان داوای لە دەوڵەتی عێراق کردووە کە دۆسیەی هێرشی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران ڕادەستی شورای ئەمنییەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بکرێت.
شورای باڵای دادوەریی هەرێمی کوردستان ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕەشەمە، بە دەرکردنی بەیاننامەیەک وتی کە دەوڵەتی عێراق دەبێ هەموو ڕێکارێکی پێویست بۆ پێشگرتن لە پێشێلکردنی سەروەریی ئەو وڵاتە بگرێتە بەر.
هەروەها ئەو بەیانییەیە داوای لە پارلمانی عێراق و ناوەندە نێونەتەوەییەکان کردووە تا هەنگاوی بەبڕشت و جیددی بۆ ڕاگرتنی هێرشی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران ئەنجام بدەن.
شورای باڵای دادوەریی هەرێمی کوردستان لەلایەکی دیکەوە داوای ئەوەی کردووە ڕێز لە مافی سەروەریی عێراق بگیرێت و ئەو وڵاتە نەبێتە گۆڕپانی شەڕی وڵاتانی دیکە.
بەربەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕەشەمە، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە ١٢ مووشەکی بالستیک هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج و دواتر سپای پاسداران بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ئەو هێرشەی وەئەستۆ گرت.
لە بەیاننامەی سپای پاسداراندا هاتبوو: "ئەو هێرشە لە کاردانەوە بە کوژرانی دوو ئەندامی سپا لە سووریە بووە و ناوەندی ستراتیژیی پیلان و ئاژاوەگێڕیی سەر بە ئیسرائیل کراوەتە ئامانج".
هێرشی سپای پاسداران کاردانەوەیەکی زۆری لەلایەن بەرپرسانی عێراقی و ئامریکا لێکەوتەوە و بە توندی مەحکووم کرا.