کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەرێمی کوردستان؛ شاری زاخۆی کۆن کە تەمەنی ٣٤٠٠ ساڵ دەبێت لە تەنیشت ڕووباری دیجلە دۆزراوەتەوە

11:53 - 11 جۆزەردان 2722

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٩ی جۆزەردان، لە قەزای سێمێل نزیک کۆمەڵگەی خانکێی سەر بە پارێزگای دهۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری دهۆک دۆزینەوەی شارێکی سەردەمی میتانییەکانی ڕاگەیاند کە ناوەندێکی گرینگی حوکمڕانیی میزۆپۆتامیا بووە. ئەو شارە پێشتر ژێر ئاو کەوتبوو، بەڵام بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی دیجلە دەرکەوتووە.

لەمبارەوە د. "بێکەس بریڤکانی" بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری دهۆک دەڵێت: "پێشتر لە تێکستی بابلییەکاندا ئاماژە بە هەبوونی شاری زاخۆ دراوە، بەڵام نەماندەزانی دەکەوێتە کوێ".

ساڵێ ٢٠١٨ بۆ یەکەمجار هەڵکۆڵین لەو شوێنەوارە دەستی پێ کردووە و باڵەخانەیەکی سەردەمی میتانییەکان دۆزراوەتەوە، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕووباری دیجلە باڵەخانەکە ون بووە.

بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری دهۆک لە لێدوانی بۆ کاناڵی "ڕووداو" ڕایگەیاند: "بەنداوی مووسڵ هۆکارێکی سەرەکییە بۆ بنئاوکەوتنی شوێنەوارەکانی ئەو ناوچەیە؛ لە ساڵی ١٩٨٦ ئەو بەنداوە دروست کرا، تاوەکوو ساڵی ١٩٩٠ نزیکەی ٦٠ شوێنەوار لەسەر ڕووباری دیجلە بەتەواوەتی ژێر ئاو کەوتن. ئەمساڵ کە ئاستی ئاوی ڕووبارەکە دابەزی بەشێک لەو شوێنەوارانە جارێکی دیکە دەرکەوتوونەتەوە".

د. بێکەس بریڤکانی ڕایگەیاند: "لەگەڵ ڕێکخراوی شوێنەواری کوردستان و زانکۆی فرایبۆرگ بە سەرپەرشتیی شوێنەواری دهۆک، ئەو ناوچە شوێنەوارییەمان هەڵکۆڵی و تا ئێستا کۆمەڵێک شوێنەوار و تێکستی بزماری دۆزراونەتەوە کە تەمەنیان بۆ سێ هەزار و ٤٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "ئەو نیشانانە دەیسەلمێنن کە شارەکە ناوەندێکی گرینگی شارستانییەتی ئەو سەردەمە بووە، ئەو ئەنجامە بۆ ئێمە گرینگیی ئەوەی هەیە کە کوردستان خاوەن شارستانییەتێکی یەکجار گەورەیە و شار و ناوەندی زۆر گەورەی هەبووە و شوێنەواری زۆر گرینگیشی هەیە، ڕزگارکردنی ئەو شوێنەوارانە واتای ڕزگارکردنی ئەو مێژووەیە کە لە ناوچەکەمان هەیە".