کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەرێمی کوردستان هەناردەکردنی نەوتی بۆ ئێران ڕاگرت

10:32 - 27 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، هەناردەکردنی نەوتی لە هەرێمەوە بۆ ئێران ڕاگرت.

ڕۆژی هەینی ۲۶ی ڕێبەندان، میدیاکانی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گومرۆکی هەرێمی کوردستان، بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم ڕایگەیاندووە، کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای تانکرەوە بۆ ئێران، لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بە فەرمی ڕاگیراوە.

لەم بارەیەوە ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرۆکی هەرێمی کوردستان، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە، ڕایگەیاند: "بڕیاری ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ ئێران، لە ۱٤ی فێڤرییەوە (۲۵ی ڕێبەندان)، لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە ڕاگەیاندراوە و لە ئێستادا چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ئەو بڕیارە هاوردەکردنی بەرهەمەکانی نەوت لە ئێرانەوە بۆ هەرێم ناگرێتەوە".

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەم پەیوەندییەدا ڕایانگەیاندووە، کە لە بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممەوە، لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە ڕێگا بە تانکرە خاڵییەکان نەدراوە کە لە ئێرانەوە بچنە خاکی هەرێمی کوردستان، هەوڵ دەدەین بە زووترین کات ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین.

پێشتریش کاربەدەستانی ئامریکا ڕایانگەیاندبوو، کە ئێمە هەموو هەوڵێکی خۆمان دەخەینە گڕ، هەتاکوو پێش بە ڕەوانەکردنی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ئێران بگرین و لەم بارەوە چەندین جار بەرپرسانی عێراقمان ئاگادار کردووەتەوە.

 بەپێی هێندێک لە هەواڵە نافەرمییەکان، بەهۆی پشتگوێخستنی ئاگادارییەکانی ئامریکا لە لایەن حکوومەتی عێراق و ڕەوانەکردنی نەوتی عێراق بۆ ئێران، هێزەکانی ئامریکا لە پارێزگاکانی باشووری عێراق جارێک بە شێوەی ناڕاستەوخۆ تەقەیان لە تانکرەکانی ئێران کردووە.