کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەرێمی کوردستان ئیدیعای ڕێژیمی ئێران کە بەرپرسێکی ئیسرائیلی لە هەولێر کوژراوە، ڕەت دەکاتەوە

18:08 - 19 جۆزەردان 2722

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران ئیدیعا دەکەن کە ئامانجی هێرشە دڕۆنییەکەی شەوی ڕابردووی سەر شاری هەولێر "بەرپرسی موساد لە هەرێمی کوردستان بووە"، بەڵام ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەو ئیدیعایەی ڕێژیمی ئێران و هەواڵدەرییەکانی ڕەت دەکاتەوە و ئەو هێرشە بە هێرشێکی تێرۆریستی دەزانێت.

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان هێرشە دڕۆنییەکەی شەوی ڕابردووی سەر شاری هەولێر دەخاتە پاڵ کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق کە لەژێر پشتیوانیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندان.

دوای هێرشە دڕۆنییەکەی سەر هەولێر، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٩ی جۆزەردان، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە: "هێرشی تێرۆریستیی شەوی ڕابردوو بۆ سەر هەولێر، درێژەی ئەو هێرشانەیە کە بە مەبەستی گوشار بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن".

بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە، ئەو دڕۆنەی لە هێرشەکەدا بەکار هاتووە، لە سنووری شارۆچکەی "پردێ" لەلایەن "میلیشیای حیزبوڵڵا"وە کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانن، ئاراستەی هەولێر کراوە.

هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران ئیدیعا دەکەن: "سەرنشینەکانی ئەو ماشینەی کە هێرشی دڕۆنیی کراوەتە سەر، تیمێکی ڕێکخراوی سیخوڕیی ئیسرائیل بوووە و ئامانجی سەرەکیی ئەو هێرشە، ئەوان بوون".

لە ماوەکانی ڕابردوودا ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی جیاواز و بۆ تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، چەندین جار بە مووشەک و دڕۆن هێرشی کردووەتە سەر هەولێر و بەم هێرشەی شەوی ڕابردوو، لە ماوەی نزیکەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوودا، ١٢ جار هێرش کراوەتە سەر هەولێر و دەوروبەری.

هەروەها ئەوە دووەم جارە بەرپرسان و هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران، هێرشەکانی سەر شاری هەولێر بە هەبوونی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان دەبەستنەوە. ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاویش سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە ١٤ مووشەک کۆنسولخانەی ئامریکا لە هەولێری کردە ئامانج و ئیدیعایان دەکرد کە لە بنکەیەکی ئیسرائیلیان داوە.

دوای ئەو ئیدیعایەی ڕێژیمی ئێران، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە توندی ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە، دواتریش پارلمانی عێراق دوای لێکۆڵینەوە ئەم تۆمەتانەی ئێرانی ڕەت کردەوە.