کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەرێمی کوردستان ئیزنی نەدا فڕۆکەیەکی ئێرانی لە "هەولێر" بنیشێتەوە

18:13 - 13 پووشپەڕ 2722

"ئەحمەد هوشیار" بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی "هەولێر" بە تۆڕی میدیایی "ڕووداو"ی ڕاگەیاند: "بەپێی یاسا ئیزنمان نەداوە فڕۆکەیەکی ئێرانی لە هەولێر بنیشێتەوە".

"ئەحمەد هوشیار" هۆکاری ئیزننەدان بە نیشتنەوەی ئەو فڕۆکە ئێرانییەی (هێڵی ئاسمانیی ورمێ – هەولێر)، بۆ پێنەدانی زانیاری سەبارەت بە موسافیر و باری فڕۆکەیەکە گەڕاندووەتەوە.

ناوبراو لەو پەیوەندییەدا باسی لەوە کردووە: "چوار ڕۆژ پێش داوامان لە هێڵی ئاسمانیی ئاتای ئێرانی کردووە کە زانیاری تەواو سەبارەت بە موسافیرەکان و باری ئەو فڕۆکەیە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی "هەولێر" بنێرن، بەڵام خۆیان لە پێدانی ئەو زانیارییانە بواردووە".

ئەو فڕۆکەیە لە دوای ٢ کاتژمێر سەرلێشێواوی و سووڕانەوە بە ئاسماندا، ناچار لە "بەغدا" نیشتەوە.