کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەرێمی کوردستان یەکێک لە سەرکەوتووترین حکوومەتەکان لە بواری بەرگری لە کۆرۆناوەیە

17:54 - 25 رەشەمه 2719

هەرێمی کوردستان بۆ پێشگرتن بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆی لە هەولێر و سلێمانی ٣ ڕۆژی دیکە درێژ کردەوە.

وەزارەتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان لە درێژەی هەوڵەکانیدا بۆ پێشگرتن لە تەشەنای ڤایرۆسی کۆرۆنا، قەدەغەکردنی هاتوچۆی لە ٢ شاری هەولێر و سلێمانی بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێری دیکە درێژ کردەوە.

قەدەغەکردنی هاتوچۆ لەنێو هەر ٢ شاری هەولێر و سلێمانی لە ڕۆژی دووشەممە، ٢٦ی ڕەشەمەوە هەتا ٣ ڕۆژ بەردەوام دەبێت و هاتوچۆ لە نێوان هەر ٢ پارێزگاکەدا بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر لە ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی ڕەشەمەوە دەست پێدەکات.

هەروەها دەسەڵاتی دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە پارێزگارەکانی ئەو ٢ پارێزگایە دراوە تا دابینکردنی پێداویستییەکان کاریگەری لەسەر بەڕێوەچوونی ئەو بڕیارە دانەنێت.

هەروەها هاووڵاتییان تا کاتژمێر ١٢ی شەوی یەکشەممە، ٢٥ی ڕەشەمە ئیزنی گەڕانەوە بۆ شارەکانی خۆیانیان هەیە و لە ئەگەری نەگەڕانەوەی گەشتیاران و هاووڵاتییانی خەڵکی ئەو شارانە بۆ شارەکانیان، سەرجەم دەروازە سنوورییەکان لە سنوورەکانی "پەرویزخان، حاجی عومەران، ئیبراهیم خەلیل و باشماخ" دادەخرێت.

لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەی پاندێمی لە جیهاندا، هەرێمی کوردستان یەکێک لەو حکوومەتانەیە کە بە تەکبیری دروست و دەرکردنی بڕیاری بەجێ و لەکاتی گونجاودا، توانیویە پێش بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا لە هەرێمی کوردستاندا بگرێت.