کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢ هەزار شەڕکەری سووری پەیوەست بە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بوون

13:12 - 14 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی شەڕخوازی ڕێژیمی ئێران، لە نوێترین پیلاندا ٢ هەزار شەڕکەری سوورییەیان لە پێکهاتەی نیزامیی خۆیاندا سازمان داوە.

ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا بە پشبەستن بە سەرچاوەی باوەڕپێکراو ئاشکرای کردووە، تەشکیلاتی نیزامیی ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا، ٢ هەزار سووری لە تەشکیلاتی خۆیدا سازمان داوه.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران کە لە سووریە جێگیر کراون، بە شێوەی ڕاستەوخۆ یارمەتیی ماڵی و لۆجێستیکی بەو ٢ هەزار کەسە دەدەن.

ئەو هێزە کە کاربەدەستانی ڕێژیم سازمانیان داون، بەپێی پلە و پایە و پێشینەی چالاکییەکانیان لە ٤٨ هەزار هەتا ٧٥ هەزار لیرەی سووریە یارمەتیی ماڵیان پێ دەدرێت.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە هێزە نیزامی و میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ئەفغانی، عێراقی و حیزبوڵڵایی پێک هاتوون.

ئەو هێزانەش لە پایگا نیزامییەکانی سووریه وەک "ئەلکسوە، باشووری ڕۆژئاوای دێمشق، باشووری حەڵەب، شارەکانی نبل و ئەلزهەرا و باقی شوێنەکانی دیکەی سووریە جێگر کراون.

مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ ڕۆژنامەی "والستریت ژۆرناڵـ"ـی ئامریکایی، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، هێزەکانی ڕێژیمی ئێران و هێزە میلیشیاکانی دیکەی سەر بە ڕێژیمی ئێران، بە مەبەستی مانەوەیان لە سووریەدا بە جلوبەرگی ئەرتەشی ڕێژیمی ئەسەد گەڕاونەتەوە سنوورەکانی ئیسرائیل.

ئامریکا و ئیسرائیل لەسەر دەرکردنی ڕێژیمی ئێران لە سووریە جەخت دەکەنەوە، بەڵام حەسەن نەسروڵڵا، ڕێبەری حیزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاندووە: "ئێمە پێتان دەڵین کە ئەگەر هەموو دنیا کۆ ببێتەوە تا ئێمە ناچار بکات لە سووریە بڕۆینە دەرەوە، ناتوانن ئەو کارە بکەن".

لە سەرەتای شەڕی نێوخۆییی سووریەدا، کە لە ساڵی ٢٠١١ـەوە لە نێوان ڕێژیمی ئەسەد و گرووپە ئۆپوزسیۆنەکانی ئەو وڵاتە سەری هەڵداوە، ڕێژیمی ئێران بە هەموو هێزییەوە بەرگری لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد دەکات و وێڕای دابینکردنی چەکوچۆڵ، شانبەشانیشی شەڕ دەکات.