کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣٠ هەزار قوتابی لە پارێزگای سنە لە خوێندن بە شێوەی ئانلاین بێبەرین

10:50 - 11 رەشەمه 2720

بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای سنە ڕایگەیاندووە: "٣٠ هەزار قوتابی لەو پاڕێزگایەدا بەهۆی دەستکورتییەوە لە کڕینی موبایل یان تەبلێت لە خوێندن بە شێوەی ئانلاین، بێبەرین".

"محەممەد ڕەشید قوربانی" لەو بارەیەوە وتوویەتی: "لە کاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا شایەتیی گوشاری بژێوی ژیان بۆ سەر بنەماڵەکان بووین، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەیکە زۆرێک لە قوتابییانی پارێزگای سنە، بەهۆی نەبوونی کەرەستەی پێویست بۆ خوێندن بە شێوەی ئانلاین، لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو ببنەوە".

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها دەڵێت: "بە گشتیی ٣٠ هەزار قوتابیی بێ پارە لەو پارێزگایەدا بوونی هەیە کە توانای کڕینی موبایل یان تەبلێتیان نییە".

 لە دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە کوردستان و ئێراندا، بەهۆی نەبوونی پلانێکی شیاو لەمەڕ پڕۆسەی خوێندن بە شێوەی ئانلاین و هەروەها هەژاریی بنەماڵەکان، ڕێژەی وازهێنانی قوتابییەکان لە خوێندن بەرز بووەتەوە.