کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٩ هەزار قوتابیی کرماشانی تەبلێتیان نییە

12:41 - 24 رەزبەر 2720

لە ئێستادا کە کۆرۆنا پێی ناوەتە پیکی سێهەم و دۆخ بەرەو خراپتربوون دەڕوات و خوێندن بەگشتی بووەتە ئانلاین، ٩ هەزار قوتابیی کرماشانی تەبلێتیان نییە کە ئەمە دەبێتە هۆی بەجێمانیان لە خوێندن.

"هووشەنگ بازوەند" پارێزگاری کرماشان لە کۆبوونەوەی شورای جێگرانی پارێزگاریی کرماشاندا ڕایگەیاندووە لە پیکی یەکەم و دووەمی کۆرۆنادا توانیومانە چالاک بین لە کۆنترۆڵی نەخۆشییەکەدا، بەڵام پیکی سێهەم زۆر مەترسیدارترە و دۆخی پارێزگا باش نییە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە ئەگەر لە پیکی یەکەم و دووهەمدا ڕۆژانە ٧ تا ٨ کەس دەمردن ئێستا ڕێژەی گیان لەدەستداوان لەڕۆژێکدا دەگاتە ١٨ کەسیش.

"بازوەند" هەروەها ڕایگەیاندووە ٦ شار لە پارێزگای کرماشاندا دۆخیان پڕ مەترسییە و نەخۆشییەکە لە پارێزگادا بەرەو خراپتر بوون دەچێت.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم بۆ چارەسەریی نەبوونی تەبلێت بۆ خوێندکاران وتوویەتی دەبێ خێرخوازان هەوڵ بدەن بۆ کڕینی ٩ هەزار تەبلێت بۆ قوتابییان.

"هووشەنگ بازوەند" لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕایگەیاندووە "محەممەد باقر نەوبەخت" سەرۆکی ڕێکخراوی بەرنامە و بوودجە لە سەفەری خۆیدا بۆ کرماشان بڕی ٢ هەزار و ٤٥٠ میلیارد تمەن بوودجەی بۆ پارێزگاکە پەسند کردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە پارێزگاری کرماشان بۆ چارەسەریی کێشەی نەبوونی تەبلێت بۆ قوتابییان دەست بە دواێنی خێرخوازان دەبێت.

هەتاکوو ئێستا ڕێژەیەکی زۆر لە قوتابییانی کورد لە پارێزگاکانی کوردستاندا بەهۆی نەبوونی کەرەستەی ئێلێکترۆنیکی لە خوێندنی ئانلاین بێبەشن.