کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٧هەزار نەفەری دیکە بێکار دەبن

12:28 - 14 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: بێکاری و هەژاری لە ئێراندا ڕۆژبەڕۆژ ڕووی لە هەڵکشانە و ئەمجارە به هۆی داخرانی ١٢٠ یەکەی فرۆشتنی کەلوپەلی خۆراکی لە کرماشاندا، ژمارەیەکی دیکە لە هاووڵاتییان پەیوەست بە ڕێزی بێکاران دەبن.

"حەسەن موسەوی" سەرۆکی یەکیەتیی فرۆشیارانی کەلوپەلە خۆراکییەکان لە کرماشاندا لە وتوویژ لەگەڵ هەواڵدەریی "ئیسنا"ی سەر بە ڕێژیم ،ڕایگەیاندووە: "فرۆشگا زەنجیرەیە گەورەکان کارەکانی خۆیان هێناوەتە نێو گەڕەکەکان و لە سەرەتای ئەمساڵەوە ١٢٠ یەکەی فرۆشتنی کەلوپەلە خۆراکییەکان بەم هۆیەوە داخراون".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "پێشتریش ئەم فرۆشگانە لقەکانی خۆیان تەنیا بۆ نێو بازاڕەکان دەبرد، بەڵام ئێستا بە بەکرێ گرتن و پارەدان بە خاوەن خانووەکان، لقی نوێ لە نێو گەڕەکەکان دادەنێن و بوونەتە بەڵای گیان بۆ یەکەکانی فرۆشتنی کەلوپەلە خۆراکییەکان".

لە کرماشاندا بە نزیکەی ٣ هەزار و ٥٠٠ یەکەی فرۆشتنی کەلوپەلە خۆراکییەکان هەن کە ٢٧ هەزار نەفەر کە لەم پیشە کار دەکەن خەریکن بێکار دەبن.

سەرەڕای بەرزبوونەوەی ئاماری بێکاران و پەیوەستبوونی ڕێژەیەکی بەرچاو لە حەشیمەتی ئێران بە بێکارانی وڵات، بەرپرسان، دەسەڵاتداران و ناوەندە پێوەندیدارەکانی رێژیمی ئێران سەبارەت بەو قەیرانە کۆمەڵایەتییە بێدەنگن.