کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٧ هەزار هێزی ئێرانی و عێراقی بۆ پشتیوانی لە رێژیمی ئەسەد رەوانەی ئەو وڵاتە کران

21:54 - 14 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: زیاتر لە ٧ هەزار هێزی ئێرانی و عێراقی بۆ پشتیوانی لە رێژیمی سووریە و پارێزگاری‌کردن ناوچە ستراتیژەکەکانی سووریە، لەو وڵاتە جێگیر کراون.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەری کوردستان میدیا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٣ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، بەشار ئەسەد سەرکۆماری رێژیمی سووریە رایگەیاند، ٧ هەزار هێزی عێراقی و ئێرانی لە دەورووبەری دەمێشق پێتەختی سووریە بۆ پشتیوانی لە رێژیمی ئەسەد و پێشگرتن لە پێشڕوی دژبەران، جێگیر کراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوباریەوە رایگەیاندووە، ئامانجی ئەسڵی ئەو هێزانە پاراستنی پێتەختی سووریەیە.

رێژیمئ ئەسەد ماوەی دوو مانگ لەمەوبەر کۆنتڕۆڵی جەسرەلشغووری لە پارێزگای ئەدلیب لە دەست دا و هەنووکە لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو ناوچەیە دایە.

هەواڵدەریی رێژیمی ئێران، ئیرنا لە زاری قاسم سلێمانی فەرماندەی سپای پاسداران بڵاوی کردووەتەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا جیهان لە هاوکاریی ئێمە لەگەڵ فەرماندە نیزامییەکانی سووریە سەر سام دەبێت.

رێژیمی ئێران هاوپەیمانی ئەسڵی رێژیمی بەشار ئەسەد لە سووریە دایە و لە سەرەتای دەستپێکی شەڕ لەو وڵاتە پشتیوانی ماددی و نیزامی بۆ ئەو رێژیمە رەوانە کردووە.
دوای ئەوێکە هێزەکانی ئەسەد لە بەرەکانی شەڕ، دژی دژبەرانی ئەو رێژیمە پاشکشەیان کرد، رێژیمی سووریە دوای لە رێژیمی ئێران و وڵاتی رووسیە کرد کە پشتیوانە ماددی و نیزامییەکانیان بۆ ئەو وڵاتە زیاتر بکەن.

محەممەدجەواد زەریف، وەزیری کاروباری دەرەوەی رێژیمی ئێران چەند رۆژ پێش ئێستا رایگەیاند، پشتیوانی تاران لە سووریە پرسێکی نەگۆڕە و کێشەکانی ناوچە دەبێ بە دەستی وڵاتانی ناوچەکەوە چارەسەر بکرێت.

حەسەن رووحانی سەرکۆماری رێژیمی ئێران رایگەیاندووە، سیاسەتەکانی رێژیمی ئێران لە بەرانبەر رێژیمی سووریە ناگۆڕدرێت و پشتیوانیی رێژیمی ئێرانی، بۆ هەتاهەتایە لەو رێژیمە دووپات کردەوە.

هەروەها عەلی‌ئەکبەر ویلایەتی، وەزیری دەرەوەی پێشووی رێژیمی ئێران و راوێژکاری ئێستای کاروباری رێبەری رێژیم باسی لەوە کردووە، ئەمنییەتی سووریە و یەکپارچەیی خاکی سووریە، لەبەرانبەر دەستێوەردانەکانی عەرەبستان و وڵاتانی کەنداو یا تورکیە، بەشی جیانەکراوە لە ئەمنییەتی ئێرانە.

مەهدی تائێب، سەرۆکی قەرارگای عەماری رێژیمی ئێران رێکەوتی ٢٨ی رێبەندانی ١٣٩١ی هەتاوی لە کۆبوونەوەیەکدا رایگەیاند، سووریە ٣٥مین پارێزگای ستراتژیکی ئێرانە و ئەگەر هێرشی بکرێتە سەر ئێمە دەبی بی پارێزین.

بەپرسانی رێژیمی ئێران هەتا ئێستا چەندین جار بە روونی رایانگەیاندووە کە پشتیوانی لە رێژیمی بەشار ئەسەد دەکەن.

هێزەکانی سپا و بەسیجی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوەی گرووپەکانی وەکوو گوردانی فاتمیوون یا لە ژێر ناوی وەکوو بەرگری لە حەرەمی حەزرەتی مەعسوومە بە مەبەستی بەرگری کردن لە رێژیمی بەشار ئەسەد، لە شەڕی سووریەدا بەشدارن.

هەتا ئێستا چەندین فەرماندە و هێزی نیزامیی رێژیمی ئێران لە شەری نێوخۆیی سووریەدا کوژراون.

وڵاتانی رۆژئاوا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا سەبارەت بە دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکەدا هۆشداریان داوە.

کارناسانی نیزامی لەسەر ئەو باوەڕەن کە چالاکی و بەشداریی نیزامی رێژیمی ئێران لە شەڕی نێوخۆیی سووریە کە لە ساڵی ٢٠١١ی زایینی دەستی پێکردووە، رێژیمی ئێرانی خستووەتە ژێر باری تێچوویەک بە بڕی ٩ هەتا ١٥ میلیارد دولار.