کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥٥٠ هەزار هێکتار لە دارستانەکانی پارێزگای "لوڕستان" لەگەڵ مەترسیی وشکبوون بەرەوڕوون

11:17 - 6 سەرماوەز 2721

"ئیحسان سۆهرابی" سەرۆکی ژینگەی پارێزگای "لوڕستان" وتوویەتی: "لە پارێزگای لوڕستان پتر لە ٥٥٠ هەزار هێکتار لە دارستانەکانی بەڕوو مەترسیی وشکبوونیان لەسەرە یان خەریکە وشک دەبن".

لە ساڵانی ڕابردوودا دارستانەکانی زاگرۆس هەڕەشەی زۆری ژینگەیی و مرۆیی لەسەر بووە و زیانێکی قەرەبوونەکراوی بەرکەوتووە.

"سۆهرابی" لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە زیاتر لە ٤٠ لەسەدی ئاوی پێویستی ئێران لەو ناوچە دارستانییە دابین دەکرێت و لە ٦ ملیۆن هێکتار لە دارستانەکانی زاگرۆس پتر لە ١ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار هێکتاری لەگەڵ وشکی و لەنێوچوون بەرەوڕوون کە لەو ڕێژەیە ٥٥٠ هەزار هێکتار لە پارێزگای لوڕستانە کە ئەوە هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ژینگە.

بەهۆی هەڵکەندنی بیراوی ناستاندارد و زۆر، هەروەها ڕاگواستنی ئاوی زاگرۆس بۆ ناوەندی ئێران، نەک دارستان بگرە خەڵکی ناوچەکەش بە دژواری ئاوی خواردنەوەیان دابین دەکەن و لە ڕۆژانی ڕابردوودا خەڵکی "لوڕستان" بەهۆی ڕاگواستنی ئاو و و بێ ئاوی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.