کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٧٤٤ هەزار کرێکار لەسەر کارەکانیان دەرکراون

11:39 - 26 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردووەوە لە ئێراندا، ٧٤٤ هەزار کرێکار لە کار بێکار کراون.

"ئەحمەد تەوەکولی"، ئەندامی کوڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام، لەمبارەوە وتوویەتی: "توانای کڕینی کرێکاران بۆ نێوە دابەزیوە و لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردووەوە، ٧٤٤ هەزار کرێکار، کارەکانیان لەدەست داوە.

ڕۆژی شەممە، ٢٥ی جۆزەردان، ناوبراو بە ماڵپەڕێکی پەیوەندیدار بە مەجلیسی ڕێژیمی ڕاگەیاندووە: "سیاسەتە دراوییەکانی ڕێژیم، هۆکاری بێکاریی کرێکاران و داڕمان لە بەشی بەرهەمهێنانە."

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم، نێونجی هەڵاوسانی لە ساڵی ١٣٩٧دا، ٤٧.٥ لەسەد ڕاگەیاندووە و وتوویەتی: "توانای کڕینی کرێکاران بە داهاتی یەک ملیۆن و ٣٥٠ هەزار تمەنی لە کۆتایی هەمان ساڵدا بۆ ٦٥٠ هەزار تمەن، کەم بووەتەوە."

هەروەها لە درێژەدا وتی: "ئەو کارخانانەی کە بە دراوی ٣٨٥٠ تمەنی، مەوادی سەرەتایی خۆیان هاوردە دەکرد، ئێستا دەبێ بە دراوی ١٢ هەزار تمەنی هاوردەی بکەن، واتە ٣ قات زۆرتر لە پێش، سەرمایەیان لە سووڕدا دەوێت و بە هۆی ئەوەی کە ئەم سەرمایەیە لە سووڕدا دابین نابێت، تووشی کێشە دەبنەوە."

بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و نرخی بەرهەمهێنان لە ساڵی ڕابردوودا، بووەتە هۆی زیادبوونی یەکەکانی بەرهەمهێنانی ڕاکد و دەرکردنی کرێکاران.

هەروەها وێڕای زیادبوونی ڕێژەی کرێکارانی دەرکراو، ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، هێشتا ئاماری بێکاریی فەرمیی وڵاتی کەمێک زۆرتر لە ١٢ لەسەد ڕاگەیاندووە.

بەڵام چالاکانی کرێکاری و کارناسانی سەربەخۆ، ئەم ئامارە بە ناڕاست دەزانن و باوەڕیان وایە کە ئاماری بێکاری لە هەندێک ناوچەی ئێراندا دەگاتە زۆرتر لە ٥٠ لەسەدیش.