کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤٠٠ هەزار کرێکاری قەتعەسازی بێکار دەبن

11:42 - 5 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکی ئەنجومەنی قەتعەسازەکان دەڵێت: بە پێی ڕەوتی هەنووکەیی، شیمانەی ئەوە دەکرێت کە نیوەی کرێکارانی ئەم بەشە بێکار بن؛ ئەنجومەنی قەتعەسازەکان سەبارەت بە بێکاربوونی ٤٠٠ هەزار کرێکار هۆشداریی داوە.

"مازیار بەیگلوو"، سەرۆکی ئەنجومەنی قەتعەسازیی ئێران، باسی لەوە کردووە کە لە ٧ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، لانیکەم سەدهەزار کرێکار بێکار بوونە.

ناوبراو هۆکاری ئەم بێکاربوونەی بۆ کەمبوونەوەی رادەی بەرهەمهێنان و دەستڕاگەیشتن به پێداویستییە سەرەتاییەکان گەڕاندووەتەوە.

بەیگلوو لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتی ئیلنا وتوویەتی: دانانی نرخی دەستووری ماشینەکان لە لایەن دەوڵەتەوە، بووەتە هۆی ئەوەیکە نرخی پێداویستییە سەرەتاییەکان دوو قات‌ونیو ببێتەوە، کەوایە ماشین سازەکان ناتوانن ئیزنی گران کردنی نرخ به قەتعەسازەکان بدەن کە ئەمە کاریگەری لە سەر کەرتی قەتعەسازی دەبێت و ئەم کارخانەیە ناچار دەبێت کرێکارەکانی کەم بکاتەوە یان بە یەکجاری تووشی داخران بێت.

ئەنجومەنی قەتعەسازان، لە خەرمانانی ئەمساڵیشدا، لە دووتوێێ نامەیەکدا هۆشداری بە وەزیری کار دابوو کە ئەگەر سەرنجی کێشەکانی ئەم بەشە نەدرێت، زۆربەی یەکەکان دادەخرێن و بەرهەمهێنانی ماشین ٨٠ لەسەد دادەبەزێ.

پێشتریش هەواڵدەریی ئیسنا بڵاوی کردبوویەوە کە لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا بەرهەمێنانی چوار جۆری ماشین ڕاوەستاوە کە بریتین لە MVM550، لیفان ئێکس٦٠، هیۆندا ئای ١٠ و جەک جی ٥.

دوای هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام زۆربەی شیرکەتە ماشین‌سازییەکان لە ئێراندا لە ترسی کەوتنە ناو لیستی ڕەشی ئامریکا چالاکییەکانی خۆیان ڕاگرت.