کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥ هەزار کەس بە هۆی داخرانی کوورەخانەکان بێکار بوون

18:08 - 1 جۆزەردان 2712

کوردستان میدیا: بە هۆی داخرانی سەدان کوورەخانه‌ى خشت‌بڕی، ٥ هەزار کرێکار لە کرماشان بێکار بوون.
بەگوێرەی راپۆرتی ماڵپەڕی کرماشان پۆست، هەزاران کرێکاری کوورە خشت‌بـڕییەکانی پارێزگای کرماشان و بە تایبەت شارستانی کەنگاوەر، بێ‌کار بوون.
شەپۆلی بەرین و بێ‌پیشینەی بێکاری لە ئاکامی داخرانی سەدان کوورەی خشت‌بڕی لە دوو ساڵی رابردوودا، بێکاریی ٥ هەزار کرێکاری لە پارێزگای کرماشان لێکەوتۆتەوە.

1033.jpg


خاوەن کوورەکان و کرێکاران، دەسپێکی ئامانجدار کردنی یارانەکان و زیاد بوونی نرخی سووتەمەنی بە هۆکاری سەرەکیی بێکاری لە کوورە خشت‌بڕییەکان دەزانن.
بەپێی ئەم راپۆرتە، یارانەکان سووتەمەنیی کوورە سونەتییەکان لە خۆ ناگرێ و شەپۆلی بەرینی بێکاری گوندەکانی گوودین، شوورچە، قارلق، کووچە، تاهیر ئاوا، و حوسێن ئاوای گرتۆتەوە.
1034.jpg

کوورە خشت‌بڕییەکانی پارێزگای کرماشان، دەیان هەلی کاری بۆ ئەو پارێزگایە و هەروەها پارێزگاکانی جیران، وەک پارێزگای سنە، لوڕستان و شارەکانی دەوروبەری رەخساندبوو.
بەگوێرەی وتەی هاووڵاتییانی ناوچەی کرماشان، بەرپرسان لە هەمبەر بارودۆخی کوورەکان و پرسی کرێکاران کەمتەرخەمن و هێندێ لە کرێکاران تووشی کێشەی لەش ساخی بوون.
1035.jpg

حوسێن هاووڵاتییەکی کرماشانی بە هەواڵنیری ماڵپەڕی کرماشان پۆستی گوتووە: لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ١٦ ترانسی بەرق دزراوە. هەمووی ئێمە بێکار بووین. لاوان روویان لە مادە سڕکەرەکان کردووە. هەمووی ئێمە برسیمانە، مەگەر مرۆڤی برسی چ کارێک دەتوانێ بکات.
یەکێک لە خاوەن کوورەکان گوتوویەتی: لێپرسراوانی رێژیم ویست و داخوازییەکانی خەڵک بەلاڕیدا دەبەن و داوای پارەمان لێ دەکەن لە حاڵێکدا کە ئێمە بۆ نانی شەو موحتاجین.
1036.jpg

کرێکارێکی کوورەخانەی خشت‌بڕی کە لەشی لە کاتی کار کردندا تووشی کێشە بووە بە کرماشان پۆستی گوتووە: بارودۆخی جسمانیی من نالەبارە، بارودۆخی ژیان بۆمان تاڵ بووە و هیچ یارانەیەکیان بە ئێمە نەداوە، ئایا ئەمەیە عەداڵەت؟!.
زۆربەی کرێکاران گوتوویانە: چەندین جار نامەمان بۆ فرماندار و پارێزگای کرماشان ناردووە هەتا ئاوڕێک لە دۆخی نالەباری کوورەخانەکان بدەنەوە، بەڵام هێچ وڵامێکیان نەداوەتەوە و درگایان بە روومان داخستووە.
راگەیەنەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران