کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥ هەزار گوند لە ئێران ئینتێرنێتیان نییە

12:05 - 10 خەزەڵوەر 2720

بەرپرسێکی وەزارەتی پەیوەندییەکان و فەناوەریی زانیارییەکانی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "٥ هەزار گوندنشین لە ئێران لە خزمەتگوزاریی ئینتێرنێت بێبەشن و ئەو کێشەیە بەم زووانە چارەسەر ناکرێت".

"مێهرداد تورابییان" بەرپرسێکی وەزارەتی پەیوەندییەکان و فەناوەریی زانیارییەکانی ڕێژیمی ئێران، نەبوونی کەرەستە پێویستەکانی دروستکردنی هێڵی ئینتێرنێت لە نێوخۆی وڵاتی کردووەتە بیانوو و وتوویەتی ئەو کەرەستانە لە ئێران دەست ناکەون و دەبێ هاوردە بکرێن.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە: "بەهۆی ئەو کێشەیەوە لە سەرەتای دەستپێکی خوێندنی ئانلاین زیاتر لە سێ ملیۆن قوتابی لە ئێران لە دەستپێڕاگەیشتن بە ئینتێرنێت بێبەری بوونە".

نەبوونی هێڵی ئینتێرنێت لە ٥ هەزار گوندی ئێران لە کاتێکدایە کە هێڵی ئینتێرنێت بەگشتی لە ئێران زۆر خاوە و خەڵک بۆ دابەزاندن و ناردنی بابەت یان فایلێک دەبێ چەندین خوولەک چاوەڕێ بکەن.