کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٧٠ هەزار ئۆتۆموبیل لە ئێران لە هێڵی بەرهەم هێنان ڕاوستاون

19:04 - 5 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بە هۆی نەبوونی پارچەی ئۆتۆموبیل لە ئێراندا، بەرهەم هێنانی ئۆتۆموبیل تووشی کێشە بووە.

"ئارەش موحبی نژاد"، دەبیری ئەنجوومەنی کەرتی وێکچووی پارچەسازی ، لە وتووێژیکدا لەگەڵ هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ڕێژیم باسی لەوە کردووە، کە بە هۆی نەبوونی پارچەی ئۆتۆموبیل لە کارخانەکانی بەرهەمهێنەر، ٧٠ هەزار ئۆتۆموبیلی نێوەکارە لە کارخانەکاندا ماون.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، هۆکاری سەرەکی ئەو کێشەیەی بە نەبوون و بەرهەمنەهێنانی پارچەی ئۆتۆموبیل لە ئێران زانیوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە کەلوپەل سازەکان بە هۆی گرانیی ئەرز نرخی بەرهەمەکانیان زیاد کردووە و هەروەها  ئەو کەلوپەلانەی کە هاوردە دەکرێن نرخیان چووەتە سەرەوە.

بە وتەی "موحبی نژاد"، کارخانەکانی ئۆتۆموبیل‌سازی لە ئێرندا، قەرزداری کارخانەکانی کەلوپەل سازین و هەوەها بەپێی نرخی دۆلار کەلوپەل سازان ناچارن ٨٠ هەتا ١٤٠ لەسەد نرخی بەرهەمەکانیان زیاد بکەن.

 لە لایەکی دێکەشەوە ئەگەر نرخی کەلوپەلەکان زیاد بکرێت، ئۆتۆموبیل‌سازەکانیش ناچارن هەر بەو ڕێژەیە نرخی ئۆتۆموبیلەکان زیاد بکەنەوە.

پاش هاتنە دەروەی ئامریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام و دووبارە گەڕانەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، نرخی دۆلار لە بازارەکانی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بەرز بووەتەوە و کەرتەکانی ئێران تووشی قەیران بوونە.

 ڕێژیمی ئێرانیش بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانە، بە تایبەت لە کەرتی ئۆتۆموبیل‌سازی، ئەرزی دەوڵەتیی ٣٢٠٠ تمەنی دیاری کردووە، جێگەی ئاماژەیە کە نرخەکان لە ئێران بەپێی دۆلاری ٣٢٠٠ تمەنی دیاری دەکرێت، بەڵام بازرگانەکان ناچارن بە دۆلاری سەرەوەی ١٠ هەزار تمەن مامڵە بکەن.

ئەو کردەوەیەی ڕێژیم، بە دیاریکردنی ئەرزی دەوڵەتی لە هەموو کەرتەکان بەو شێوەیە و لە کردەوەدا بازاڕی بەرهەمهێنەران و بازەرگانەکان ناچارن بە دۆڵاری بازاڕی ئازاد مامڵە بکەن.