کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەزاران میلیارد تمەن پارەی شارەداریی تاران لەلایەن سپای پاسدارانەوە خوراوە

13:48 - 20 بانەمەڕ 2721

سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای شیرکەتی ڕەسا تجارەتـ"ـەوە کە گرێدراوە بە بونیادی تەعاونی سپا پارەیەکەی میلیاردیی شارەداریی تارانی لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەدا خواردووە و نایداتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەی شۆرای باڵای شاری تاران سەبارەت بە بنەما یاساییەکانی ڕێککەوتنەکانی شارەداریی تاران کە ئاستی سەرووی ٥٠٠ میلیارد تمەنە، هاتووە کە لە ڕێککەوتنەکانی "شیرکەتی ڕەسا تجارەت" گرێدراو بە "بونیادی تەعاونی سپا؛ شارەداریی تاران لە ساڵی ٩٣دا بەپێی ڕێککەوتننامەیەک کە بووەتە هۆی ڕاگواستنی سەرچاوەکانی شارەداری، بڕی ١٢ هەزار و ٩٠٠ میلیارد تمەن لە سەرچاوەکانی شارەداری بە شیرکەتە گرێدراوەکانی سپا داوە و ئەو سەرچاوانه بوونەتە قوربانیی واژۆکردنی ئەو ڕێککەوتنانە.

لە ڕاپۆرتی ئەو لێکۆڵینەوەیەدا ئاماژە بە " یەک لایەنەبوونی ڕێککەوتنەکان" ، "لادان لە بەڕێوەبردنی ڕێککەوتنەکانی فاینانس"، هەروەها " پابەندنەبوون بە بەڵێنییەکان" کراوە کە بووەتە هۆی لادانی بنەڕەتی لە بەڕێوەبردنی ڕێککەوتنەکەدا.

ئەمه بە ڕوونی دەرخەری ئەوەیکە سپای تێرۆریستی پاسداران سەرەڕۆیانە و بە ناوی بناخەدانان و بەڕێوەبردنی پڕۆژەی چاکسازی، پارەیەک کە مافی خەڵکە دەیخوات و کەسیش ناتوانێت پێشی پێ بگرێت.