کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەستانەوەی خەڵک

18:21 - 27 خەزەڵوەر 2719

بێهزاد قادری

وێڕای ئەوەی کە بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەڕەشەی سەرکوتکردنیان لە خەڵک کردووە، بەڵام هێشتا خۆپیشاندانەکان کە بەهۆی بەرزبوونەوەی ٣٠٠ لەسەدیی بێنزین دەستی پێکرد، بەردەوامە. بەپێی ڤیدیۆ و وێنە بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، خۆپیشاندەران لە شارە جیاجیاکانی ئێران، لەوانە: تاران، ئیسفەهان، کەرەج، تەورێز، کرماشان و شیراز و هەروەها شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لەوانە: سنە، مەریوان، جوانڕۆ، کرماشان، بۆکان، ئیلام و سەقز، هاتوونەتە سەر شەقامەکان. هەروەها هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە چەندین کەس لە خۆپیشاندەرانی کورد شەهید بوونە و بە دەیان کەس بریندارن.

بەپێی بڕیاری سێ دەزگای "دادوەری، یاسادانان و بەڕێوەبەریـ"ـی ڕێژیمی ئێران، نرخی بێنزین لە ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ٢٤ی خەزەڵوەر، بە ڕێژەی ٣٠٠ لەسەد بەرز بووەوە و لە ١٠٠٠ تمەن بۆ ٣٠٠٠ تمەن هەڵکشا. ئەمە بووە هۆی دەستپێکی ناڕەزایەتیی سەرتاسەری و دروشمەکانی ئەم خۆپیشاندانانە، تەنیا لە گرانبوونی بێنزیندا بەرتەسک نابێتەوە و لە هەنووکەدا، ڕێبەری ڕێژیم و ویلایەتی فەقیهیشی کردووەتە ئامانج و ئەمانە پیشاندەری ڕق و کینی پەنگخواردووی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران و کوردستانە.

بە وتەی خودی میدیاکانی ڕێژیم و میدیاکانی نزیک لە سپای تێرۆریستی پاسداران، لە زۆرتر لە ١٠٠ ناوچەی ئێران و کوردستان، خۆپیشاندان هاتووەتە ئاراوە و تا ئێستا (دووشەممە، ٢٧ی خەزڵوەر) بەردەوام بووە. هەروەها دەیان بانک، پۆمپی بێنزین، ناوەندی حکوومەتی و ماشینی سەرکوتکەرانی ڕێژیم لەلایەن خەڵکەوە سووتێنراون.

ڤیدیۆکان باس لەوە دەکەن کە وێڕای حوزووری هێزە سەرکوتکەرەکان بە جلی کەسییەوە، لە "کەرەجـ"ـدا، خۆپیشاندانەکان تا تاریکایی شەو درێژەی هەبووە. لە تاران و ئیسفەهان، شۆفیرانی ناڕازی، بازاڕەکان و گەورەڕێگاکانی ئەم شارانەیان بەستووە. هەروەها لە تەورێز و تاران، خوێندکارانی زانکۆکان پەیوەست بە خۆپیشاندانەکان بوونە و چەندین پلاکاردی جۆربەجۆریان بۆ دژایەتیکردن لەگەڵ گرانی بەدەستەوە بووە و دروشمی ئەوەیان داوە کە "خوێندکار زیندووە".

هەروەها ڕێژیم قوتابخانە و زانکۆکانی داخستووە تاکوو قوتابییان و خوێندکاران بە خۆپیشاندەرانەوە پەیوەست نەبن، بەڵام ئەم هەوڵەشی نەزۆک ماوەتەوە. خوێندکارانی زانکۆی تاران، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە بە کۆبوونەوە لەبەر دەرگاکانی هاوتەریب لەگەڵ شەقامی ئینقلاب، ئەم دروشمانەیان داوە و هەڵوێستیان پێشان داوە: "خوێندکار ئاگایە، زانکۆ بەخەبەرە"، "ئێمە پشتیوانی ئەم خۆپیشاندانەین" و "خوێندکار، کرێکار، ڕاوەستاوین لە سەنگەر" و...

بەڵام لە کوردستان دۆخەکە ئاڵۆزترە و سەرکوتکەرانی ڕێژیم بەتوندی خەڵکی ناڕازی سەرکوت دەکەن و لە شارەکانی مەریوان، جوانڕۆ، سنە، کرماشان و بۆکان و... دەیان کەس شەهید بوونە و دیان برینداریش هەیە. هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە شەهیدەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم کراونەتە ئامانج. لەو خۆپیشاندانانەدا، "عوسمان نادری" و "بێهرووز مەلەکی" لە مەریوان، "موبین عەبدوڵڵاهی"، "کاوە محەممەدی" و "ئیبراهیم مورادی" لە جوانڕۆ و "شلێر دادوەند" لە بۆکان و چەند هاووڵاتییەکی دیکە کە شوناسیان ناڕوونە، لە شارە جیاجیاکانی کوردستاندا شەهید کراون. هاوکات منداڵێکی تەمەن ١٣ ساڵە بە ناوی "هیوا نادری" خەڵکی مەریوان و چەندین کەسی دیکە بەتوندی بریندار بوونە.

بەڵام ئەم سەرکوت و کوشتن و بڕینانە خەڵکی بێدەنگ نەکردووە. بانکەکانی "میللی، سادرات و ئەنسار" لە مەریوان، وێران کراون. هەروەها پۆمپی بێنزینی "خاوەری" و پۆمپی بێنزینی "کاوە کۆنەپۆشی"، ناسراو بە "کاوەی شێخ برا" کە ئەندامی سپای تێرۆریستی پاسداران لە مەریوانە، ئاگری تێبەردراوە. هەروەها لە شارەکانی دیکەی کوردستاندا، چەندین بانک، پۆمپێ بێنزین، ناوەندی ڕێژیم و ماشینی هێزەکانی ڕێژیم، لە ئاگردا سووتێنراون.

ئەم خۆپیشاندانانە لە حاڵێکدا بەردەوامە کە خودی ڕێبەری ڕێژیم، هەڕەشەی لە خەڵک کردووە و پشتیوانیی لە گرانبوونی بێنزین کردووە و وتوویەتی: "دەبێ بێنزین گران بکرێت". لە هەمان کاتدا، ناڕازییانی  بە ئاژاوەگێڕ و "ئەشرار" ناو لێبردووە کە دژی ئینقلابن و دەبێ سەرکوت بکرێن. هەروەها سەرۆکی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم وتوویەتی کە دەبێ بە شێوازێکی توند لەگەڵ ناڕازییاندا هەڵسوکەوت بکرێت. وەزارەتی ئیتلاعاتیش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە: "سەرکوتی ئەشرار ئەرکی ئێمەیە". ئەمانە شتانێکی سەیر نییە و ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەمیشە لەگەڵ کپکردنی دەنگی ناڕازیی خەڵک بووە و سەرکوت پیشەی هەموو کاتی بووە. بەدڵنیاییەوە هەر هەستانەوەیەکیش بە بەڵای گیانی خۆی دەزانێت، بۆیە بە دڕندانەترین شێواز بەرەوڕووی دەبنەوە.

سەرکوتەکانی ڕێژیم تەنیا لە تەقەی ڕاستەوخۆدا کۆتایی پێ نایەت، بەڵکوو ئینتێرنێت و هێڵی مۆبایلی لە خەڵک پچڕاندووە، تاکوو خەڵک نەتوانن پێکەوە پەیوەندی بگرن و دەنگیان و ئەو هەموو توندوتیژییەی ڕێژیم بگەیەننە جیهانییان. هەروەها ڕێژیم پەیوەندییەکانی دەرەوەی لەگەڵ ئێران پچڕاندووە تاکوو ئاسانتر خەڵک سەرکوت بکات. ئەم نەمانی ئینتێرنێتە، زانیارییەکانی لە پێش چاوی جیهانییان شاردووەتەوە و تا ئێستا ئامارێکی ورد لە کوژراو و بریندارەکانی ئێران و کوردستان لەبەر دەستدا نییە.

وێڕای ئەم خەفەقانانە، ئامارە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن کە نزیکەی هەزار کەس لە ئێراندا بەگشتی دەسبەسەر کراون و ١٥٠ بانک و ناوەندی حکوومەتی ئاگریان تێبەردراوە و سەدان کەسیش بریندار بوونە و دەیان کەسیش کوژراون. لە هەمان کاتدا، دەیان سەرکوتکەر کوژراون و بریندار بوونە.

لەم نێوانەدا، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات پشتیوانیی لە ئەم خۆپیشاندانانە کردووە و ئەم ناڕەزایەتییانەیان بە ڕەوا زانیوە. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش لە چەندین ڕاگەیەندراودا پشتیوانیی لە دەنگی مافخوازیی خەڵک کردووە و بەڕێز "مستەفا هیجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات، داوای لە خەڵک کردووە کە درێژە بە خۆپیشاندان بدەن؛ ناوبراو ڕایگەیاندووە: "هەموو خەڵکی دنیا پشتیوانتانە، دەنگمان لەگەڵ دەنگتانە و دڵمان لە لاتانە".

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.