کوردستان میدیا: بەرپرسی هاوئاهەنگیی کاروباری وەرزشی پارێزگاکانی ڕێژیمی ئێران، باسی لە هەبوونی ٨ هەزار پرۆژەی نیوەچڵ وەرزشی لە ئێراندا کرد.
ئیرەج ڕەحمانی، بەرپرسی هاوئاهەنگیی کاروباری وەرزشی پارێزگاکانی ڕێژیمی ئێران، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی ئیسنا، سەرەڕای ئاماژە بە هەبوونی زیاتر لە ٨ هەزار پرۆژەی نیوەچڵ وەرزشی لە پارێزگاکانی ئێراندا، باسی لەوە کردووە: کە بۆ تەواوکردنی ئەم پرۆژانە، بوودجەیەکی زیاتر لە ٢٥ هەزار میلیارد تمەن پێویستە.
ڕەحمانی لە قسەکانیدا باسی لە پرۆژەی نیوەچڵی مەلەوانگەی ئازادیی ئەسەدئاباد کرد، کە ٢٢ ساڵە دەستی پێ کردووە و هێشتا کارەکانی تەواو نەبووە؛ ئەم پرۆژەیە لە ماوەی ٢٢ ساڵی ڕابردوودا، تەنیا ٦٧ لەسەد کارەکانی بەڕێوە چووە.
کەریم حەمیدوەند، فەرمانداری ئەسەدئاباد ڕایگەیاندووە: کە ٨ پرۆژەی ئاوەدانیی نیوەچڵ لەم شارەدا هەن، کە بۆ تەواوکردنیان ١٠ میلیارد تمەن بوودجەی پێویستە.
هەر لەم پێوەندییەدا، پرۆژەی وەرزشگای ٢٢ی گوڵانی سنە، لە ڕیزی ئەو پرۆژانەیە کە زیاتر لە یەک دەیەیە، هێشتا کارەکانی کۆتایی پێ نەهاتووە.
لە ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی، پرۆژەی ستادیۆمی ٦ هەزار کەسیی ٢٢ی گوڵانی سنە، دەستبەکار بووە و دوای تێپەڕبوونی ١٣ ساڵ هێشتا نێوەی ئەو پرۆژەیە تەواو نەکراوە و چارەنووسی ئەو پرۆژەیە هەروا نادیارە.
ئەو پرۆژەیە لە کاتی دەسپێکردنی کارەکانی لەگەڵ کەمیی بوودجە و پێداویستی بەرەوڕوو ببوو و بوودجەی دیاریکراو بۆ تەواوبوونی ئەو پرۆژەیە بەو ڕێژەیە نەبووە، کە پرۆژەکە بە قۆناغی کۆتایی بگەیەنێت.
بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە درێژەی گەندەڵکارییە ماڵییەکانی خۆیاندا، بۆ پڕ کردنی گیرفانی خۆیان، پرۆژەکان بەگشتی و پرۆژە وەرزشییەکان بەتایبەتی پشتگوێ دەخەن و ئەو پرۆژانە هەروا بە نیوەچڵی دەهێڵنەوە.