کوردستان میدیا: زۆرێک لە بەکارهێنەرانی ئێرانی لە تویتێر زریانێکی تویتێریان بە ناونیشانی من هەڵم نەبژاردووە "من انتخاب نکردم" وەڕێخستووە و وڵامی قسەکانی محەممەد جەواد زەریفیان داوەتەوە.
لە ڕۆژەکانی ڕابردوودا، محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیم لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا و لە وڵامی پرسیاری پێشکەشکاری بەرنامەکەدا کە پرسیبووی: بۆچی وڵاتی ئێران پێچەوانەی وڵاتەکانی دیکە کە پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ یەکدا هەیە و هیچ جۆرە زەختێکیان لەسەر نییە، ئێران لەژێر فشار دایە؟" وتی: "تەنیا هۆکارێک هەیە ئەویش ئەوەیە کە ئێمە خۆمان هەڵمان بژاردووە کە جۆرێکی دیکە بژین".
ئەم وڵامدانەوەیەی زەریف بەو پرسیارە کاردانەوە و ناڕەزایەتی زۆرێک لە هاووڵاتیانی ئێرانی لێکەوتەوە.
زۆرێک لە بەکارهێنەرانی تویتێر لە زریانێکی تویتێری لەژێر ناوی " من انتخاب نکردم" یان "ما انتخاب نکردیم"دا ڕەخنەیان لە دەسەڵاتی چل ساڵەی ڕێژیم کە بووەتە هۆی گرانی و بێکاری و دەیان قەیرانی کۆمەڵایەتی دیکە گرتووە و ئاماژەیان بە نەبوونی مافی یاسایی و بوونی یاسا چەقبەستووەکان، حیجابی ئیجباری، هەڵاواردنی ڕەگەزی و بەکارهێنانی دەستەواژەی گڵاو لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە کردووە.
هەروەها شایەنی ئاماژە پێدانە کە لەم تویتانەدا باسیان لە پێشێل کارییە ئاشکراکانی مافی مرۆڤ لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کردووە و لاوەکان ڕەخنەیان لەوە گرتووە کە شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ لە لایەن ئاخوندەکانەوە بە لاڕێدا کێشراوە.