کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەلپەرستان بۆ لەداوخستنی سمۆرەکان داربەڕووەکان دەسووتێنن

13:20 - 10 جۆزەردان 2720

کەسانی هەلپەرست بە شێوەیەکی بێڕەحمانە بۆ لەداوخستنی سمۆرەکان داربەڕووەکان ئاگر تێبەردەدەن و ئەمە بووەتە هۆی سووتان و لەنێوچوونی ئەم گیانلەبەرە.

کەسانی نائاگا و هەلپەرست لە دارستانەکانی مەریوان، بە سووتاندنی داربەڕووەکان هەوڵ دەدەن سمۆرەکان کە لەنێو داربەڕووەکاندا هێلانەیان هەیە، ڕاو بکەن و ئەمە خەسارێکی زۆری بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیاندووە.

لەم هەوڵە دزێوەدا، زۆرێک لە سمۆرەکان دەرتانی ئەوەیان نییە خۆیان دەرباز بکەن و بەم هۆیەوە لەنێو هێلانەکەیاندا دەسووتێن.

ئەم سمۆرانە کە لەلایەن کەسانی هەلپەرست ڕاو دەکرێن، بە شێوەی قاچاخ بە کەسانی خوازیار کە زۆربەیان سەر بە ڕێژیمن، دەفرۆشرێن.

سمۆرە، بە یەکێک لەو ئاژەڵانە دێتە ئەژمار کە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پاراستنی دارستان و ژیانەوە بە داربەڕووەکاندا هەیە؛ بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا، بەهۆی سووتاندن و بڕینی داری دارستانەکانی زاگرۆس بە شێوەیەکی سیستماتیک، خەسارێکی زۆر بە ژینگەی کوردستان گەیشتووە و هەڕەشەیەکی جیددی بۆ گیانلەبەران دروست بووە.